شەڕی موسڵ راگیرا
بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی سڤیل پێشڕەوی ھێزەكانی عێراقی راگرت
K24 - ھەولێر
ئۆپەراسیۆنی ھێزەكانی عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنی گەڕەكە كۆنەكانی شاری موسڵ لە رۆژئاوای شارەكە راوەستا.
ئاژانسی رویتەرز لە زاری گوتەبێژی ھێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ بڵاوی كردەوە ئۆپەراسیۆنەكە بە ھۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی سڤیل راگیراوە.
بە پێی دوایین ئامارەكان زیاتر لە 130 ھاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە، پاش ئەوەی ھێرشی ھەوایی عێراقی و ھاوپەیمانان، ھەندێ شوێنیان لە رۆژئاوای موسڵ كردە ئامانج.
دانیشتویەكی رزگاربووی رۆژئاوای موسڵ گوتی چەكدارانی داعش سەرباری ئەوەی ھاووڵاتییانی سڤیل دەكەنە قەڵغانی مرۆیی، تەقەش لەو كەسانە دەكەن كە ھەوڵی راكردن دەدەن.
گوتەبێژێكی پۆلیسی فیدراڵ لەمبارەوە "گوتی بەرزبوونەوەی ژمارەی كوژراوانی سڤیل لە شاری كۆنی موسڵ بووە ھۆی وەستانی پێشڕەوی ھێزەكانمان و پێداچوونەوە بە پلانی سەربازی".
گوتیشی "ئێستا كاتی دارشتنی پلانێكی نوێی شەڕ و تاكتیكە، نەك بەردەوامبوونی شەڕ".
ماوەی چەند رۆژێكە ھێزەكانی عێراق چوونەتە ناو گەڕەكە كۆنەكانی موسڵ لە رۆژئاوای شارەكە و نزیك بوونەتەوە لە منارەی حەدبا و مزگەوتی نوری، ئەو مزگەوتەی كە ئەبوبەكر بەغدادی لە ساڵی 2014 خەلافەتەكەی تێیدا راگەیاند.
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لێكۆڵینەوە لە رووداوی كوژرانی زیاتر لە 100 ھاووڵاتی سڤیل لە ھێرشی ھەوایی دەكات.
نهوفل حهمادی پارێزگاری نەینەوا به كوردستان24 راگهیاند داعش بەھەموو شێوەیەك دەیەوێت رێگری لە پێشڕەوییەكانی ھێزەكانی عێراق بكات، بۆیە خەڵكی لە خانووەكاندا كۆدەكاتەوە و لەكاتی بۆردوومانەكان دەیانكاتە قەڵغانی مرۆیی، ئەمەش وایكردووە بۆردوومانەكان كوژرانی خەڵكییان لێبكەوێتەوە.
ئۆپەراسیۆنی رۆژئاوای موسڵ رۆژی 19 شوباتی 2017 دەستیپێكرد و ھەر یەك لە ھێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ دەكەن.
رۆژئاوای مووسڵ زیاتر لە 35 گەڕەك لە خۆ دەگرێت و 40% شارەكە پێكدەھێنێت و پێشبینی دەكرێت 650 ھەزار كەس لەو بەشەی شارەكە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بن و تا ئێستا زیاتر له 60% رۆژئاوای شارهكه له لایهن هێزهكانی عێراق كۆنترۆڵكراوهتهوه.
لە شەڕی رۆژئاوای موسڵ زیاتر لە 3500 كەس كەس كوژراون و نەخۆشخانەیەكی مەیدانی دەزگای خێرخوازی ساماریتانی ئەمریكا چارەسەری بۆ زیاتر لە 1000 نەخۆش و بریندار كردووە و ھەندێكیان منداڵ و ژنن كە بەھۆی گولـلە، مین، ھاوەن، ئۆتۆمبێلی بۆمبەكراو و تەلەی داعش بریندار ببوون. زیاتر لە 181 ھەزار كەس بە دەستپێكردنی شەڕی رۆژئاوای موسڵ تا ئێستا ئاوارە بوونە.
ئۆپهراسیۆنی كۆنترۆڵكردنهوهی مووسڵ رۆژی 17 تشرینی یهكهمی 2016 به بهشداری 100 ههزار كهس له هێزهكانی عێراقی و كوردستانی دهستیپێكرد، پاش ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لە لایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكران، دوای زیاتر لە سێ مانگ دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.