کوشتارەكەی موسڵ بە ھۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلە بۆمبرێژکراوەکانی داعش بووە

داعش پێشتریش لە ناوچەکانی دیکە هەمان سیناریۆی بۆ تاوانبارکردنی هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانان بەکارهێناوە

K24 -ھەولێر

گوتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پێی وایە ئەو کوشتارەی لە موسڵ روویدا لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلە بۆمبرێژکراوەکانی داعش بووە.

عەمید یەحیا رەسوول گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند تا ئێستا دڵنیا نین ئەو کوشتارەی لە رۆژئاوای موسڵ روویداوە، لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بووە یان تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراوی داعش.

گوتیشی بەپێی تێڕوانینی ئێمە ئەو کوشتارە لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلە بۆمبرێژکراوەکانی داعش بووە. پێشتریش لە ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی خۆی هەمان سیناریۆی بۆ تاوانبارکردنی هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانان بەکارهێناوە.

ئاماژەشی بەوەدا داعش بۆ رێگرتن لە پێشڕەوی هێزەکانی عێراق چەندین ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراوی هێناوەتە گەڕەکەکانی ژێر كۆنترۆڵی خۆی لە رۆژئاوای موسڵ.

لە لایەكی ترەوە گوتەبێژی ھێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ رایگەیاند ئۆپەراسیۆنی موسڵ بە ھۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی سڤیل راگیرا و پێداچوونەوە بە پلانی شەڕی موسڵ لە گەڕەكە كۆنەكانی دەكەن.

ئامارەكان باس لە كوژرانی زیاتر لە 130 ھاووڵاتی سڤیل لە گەڕەكێكی رۆژئاوای موسڵ دەكەن.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ رۆژی 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری 100 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی ده‌ستیپێكرد، پاش ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لە لایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكران، دوای زیاتر لە سێ مانگ دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.