ئه‌مه‌ریكا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ "بۆردومانی هه‌ڵه‌"ی هاوپه‌یمانان ده‌كات له‌ مووسڵ

"ئاگاداری ئەو ھەواڵ و راپۆرتانەن کە ئاماژە بە كوژرانی بە سەدان خەڵکی سڤیل ده‌كه‌ن"

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشکرای کرد, دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوە لەو راپۆرتانەی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەھۆی بۆردومانی ھێزی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا لە رۆژئاوای مووسڵ، بە سەدان کەسی سڤیلی کردۆتە قوربانی.

ئێریم پۆھان، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا ئەوەی ئاشکراکردووە بەرپرسانی پنتاگۆن، ئاگاداری ئەو ھەواڵ و راپۆرتانەن کە ئاماژە بە كوژرانی بە سەدان خەڵکی سڤیل لە رۆژئاوای موسڵ دەکرێت، بەھۆی بۆردومانی ھەڵەى ناوچەکە, لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گوتیشی: " ئەوان ئێستا لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەو پرسە دەستپێکردووە".

راشیگه‌یاند، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، له‌سه‌ر داوای هێزه‌ عێراقییه‌كان بۆردومانی شوێنه‌كان ده‌كه‌ن و ئامانجه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ دیاریده‌كرێن.

ھەروەھا گوتەبێژی پنتاگۆن, ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، ھەموو ئەو راپۆرتانە کە باس لە کوژرانی خەڵکی سڤیل دەکات، بەجیدی وەردەگرن و بە گرنگیشەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەن، تاوەکو بگەنە راستییەکان.

بەگوێرە راپۆرتەکان، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، سەدان کەس لە رۆژئاوا مووسڵ کوژرا و برینداربوون بەھۆی بۆردومانی ھەڵەى ھێزی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی.