کوردستان24 باشترینەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان دەستنیشان دەکات

کوردستان24 وەرزی رابردوو وەکو یەکەم میدیای کوردستان باشترینەکانی خولی نایابی کوردستانی دەستنیشانکرد و کلتوری دەستنیشانکردنی باشترینەکانی هێنایە نێو میدیای کوردی، ئەم وەرزەش بەردەوام دەبێت و فراوانتر و تۆکمەتر باشترینەکانی ئەم وەرزەی خولەکە دەستنیشان دەکات.

لە دەستپێکی ئەم وەرزەوە کوردستان24 لە هەنگاوێکی دیکەی بۆ نوێکردنەوە و بەرەوپێشبردنی وەرزشی کوردستان، مانگانە دەستی بە دەستنیشانکردنی باشترین پێکهاتە، یاریزان و راهێنەر کرد و سێ مانگە پرۆسەکە بەردەوامە و لەسەر ئاستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شەقامی وەرزشی کاردانەوەی باشی هەبووە.

لە رێگەی وەرگرتنی رای کاپتن و راهێنەرانی سەرجەم یانەکان، هاندەران و میدیاکاران ئەم وەرزە باشترین گۆڵپارێز، راهێنەر، یاریزان و هاندەری خولەکە دەستنیشان دەکرێت و هەوڵ دەدرێت ئەو کەموکوڕیانە نەهێڵرێت، کە وەرزی رابردوو لە پرۆسەی دەستنیشانکردنی باشترینەکانی خولەکە هەبوو، بەهۆی ئەوەی زۆربەی راپرسییە ئەلیکترۆنییەکان بە ئەستەم کۆنتڕۆڵ دەکرێن و هەلی یاریکردن بە ئەنجامەکانی تیادا زۆرترە، ئەم وەرزە هەوڵ دەدرێت بە رێگایەکی دیکە رای هاندەران وەربگیرێت.

رێژەی دەنگەکان بەسەر سێ بازنەدا دابەش دەکرێت، کاپتن و راهێنەرانی هەر 14 یانەکە رێژەی %40ـی خاڵەکانیان بەردەکەوێت، %30ـی خاڵەکان بەپێی ئەنجامی دەنگی میدیاکارانی سەرجەم شارەکان و %30ـی دیکەش لەسەر ئەنجامی دەنگی هاندەران هەژمار دەکرێت، کە لە رێگەی فۆرمەوە لە کاتی ئەو چەند یارییەی لە خولەکە ماوە بەسەر هاندەران دابەش دەکرێت و دەنگیان وەردەگیرێت.

لە راپرسییەکەی ئەم وەرزەدا هیچ بژاردەیەک بەسەر دەنگدەر ناسەپێنرێت و دەنگدەر بۆ هەر چوار باشترینەکە دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی باشترین یاریزان، راهێنەر، گۆڵپارێز و هاندەر دەستنیشان بکات.