توركمان و عهرهبهكانى كهركووك نايانهوێت پرسى ئاڵا له ئهنجوومهنى پارێزگا بخرێتهڕوو
حزبە تورکمانییەکانی کەرکووك داوا لە قوتابی و خوێندکارانی تورکمان دەکەن لە دژی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەوامی زانکۆ بایکۆت بکەن
K24 – كهركووك:
كورد بڕیاری داوە لەم ھەفتەیەدا دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك تايبهت بكات به پرسی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر دامودەزگاكانی كەركووك، بەڵام ھەوڵی توركمان و عەرەبەكان بەو ئاڕاستەیەيه كە كۆبوونەوەكە ئەنجام نەدرێت، كوردیش سوورە لەسەر ئهنجامدانى ئەو دانیشتنە، كورد بەبێ گەڕانەوە بۆ عەرەب و توركمان دەتوانێت پرسی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەناو ھۆڵی ئەنجوومەنەوە تێپەڕێنێت. بەڵام وەك خۆیان دەڵێن: دەیانەوێت رەزامەندی ئەوانیشی لەسەر بێت.
ههر لهو چوارچێوهيهدا، حزبە تورکمانییەکانی کەرکووك داوا لە قوتابی و خوێندکارانی تورکمان دەکەن لە دژی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەوامی زانکۆ بایکۆت بکەن، بەڵام قوتابییانی تورکمان بەدەم ئەو داواکارییەوە نەچوون و ھەڵکردنی ئاڵای کوردستانیش بە ئاسایی دەزانن, جگە لەوەش قوتابیانی عەرەبیش پشتگیری لەھەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەکەن و دەڵێن: کورد مافی خۆیەتی شانازی بە ئاڵاکەی بکات، سەرۆکی زانکۆی کەرکووکیش پابەند دەبێت بە ھەر بڕیارێک لە ئیدارەی کەرکووکەوە دەربچێت سەبارەت بەھەڵکردنی ئاڵای کوردستان.