عارف روشدى: ئه‌گه‌ر يه‌كێتى به‌ره‌ى گۆڕان هه‌ڵبژێرێت ده‌بێت خۆيان به‌رپرسيارێتى ئه‌نجامه‌كان له ئه‌ستۆ بگرن
پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌رامبه‌ر به پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراقه
K24 – هه‌ولێر:
عارف روشدى، راوێژكارى مه‌كته‌بى سياسى پارتى ديموكراتى كوردستان له باره‌ى پرۆژه‌ى نه‌خشه‌ڕێگه‌ى يه‌كێتييه‌وه رايگه‌ياند، يه‌كێتى مافى خۆيه‌تى نه‌خشه رێگه‌ى هه‌بێت، به‌ڵام مه‌رج نييه له لايه‌ن لايه‌نه‌كانى ديكه‌وه په‌سند بكرێت ياخود ره‌تبكرێته‌وه و واباشه، ئه‌و نه‌خشه‌رێگه‌يه ئه‌وه‌نده‌ى تێدا بمێنێته‌وه كه تواناى لێكتێگه‌يشتن و تێكهه‌ڵكێشانى هه‌بێت و تواناى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌بێت و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى نه‌بێت هه‌ر به نووسينى سه‌ر كاغه‌ز ده‌مێنێته‌وه.
نه‌خشه‌ڕێگه‌كه‌ى يه‌كێتى
عارف روشدى له ميانى به‌شداريكردنى له به‌رنامه‌ى باسى رۆژى كوردستان24 گوتى: ئه‌گه‌ر به پێى داڕشته‌ى نه‌خشه‌رێگه‌كه‌ى يه‌كێتى بێت ده‌بێت ئێمه سێ ساڵى ديكه چاوه‌ڕوانى ئه‌وه بين ئايا رێكده‌كه‌وين يان نا، شتى وا نييه كه له سفره‌وه ده‌ستپێبكه‌ين و سه‌ر له‌نوێ هه‌موو شته‌كان دابڕێژينه‌وه.
گوتيشى: يه‌كه‌م خاڵ ئه‌و كێشانه‌ى هه‌ن درووستكراوون و دووه‌م خاڵ ئه‌وه‌يه كێشه‌كان گه‌وره كراوون و سێيه‌ميش ئه‌وه‌يه كه ده‌بێت هه‌موو لايه‌نه‌كان به‌رپرسيارانه بير بكه‌نه‌وه و ئه‌و قۆناغه‌ى كوردستان پێيدا تێده‌په‌ڕين، ئه‌وه ناهێنێت ئێمه سه‌رقاڵى چاره‌سه‌ركردنى هه‌ندێك كێشه بين كه ده‌كرێت بۆ چه‌ند ساڵێكى ديكه‌ش دوايان بخه‌ين و ده‌بێت بير له داهاتووى نزيك بكه‌ينه‌وه و وڵاتانى ناوچه‌كه و زلهێزان بير له دواى داعش ده‌كه‌نه‌وه و له بير‌ى به‌رژه‌وه‌ندى خۆياندان و ئێمه خه‌ريكين تازه بڵێين ئه‌و قائيمقامه بۆ ئه‌و حزبه بێت و فڵان پارێزگار بۆ فڵان حزب بێت و ئه‌و بيركردنه‌وه‌يه باش نييه و زه‌مينه‌ى لێكتێگه‌يشتن درووست ناكات.
يه‌كێتى شه‌ريكه
سه‌باره‌ت به داواى پارتى، عارف روشدى گوتى: ئێستاش فه‌رموون ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ى وه‌زاره‌ته‌كان و به‌شدارييه له ده‌سه‌ڵات ئه‌وا يه‌كێتى به ئه‌ندازه‌ى پارتى وه‌زاره‌ت و ده‌سه‌ڵاتى هه‌يه و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌يه و به قه‌باره‌ى خۆى به‌شداره له حكومه‌ته خۆجێيه‌كان، ئه‌وه راست نييه كه ده‌وترێت به‌شدار نييه و به راى من و واقيعبينان سياسه‌ت له هه‌رێمى كوردستان وا ده‌خوازێت يه‌كێتى و پارتى له كوردستان له يه‌ك نزيك بن و له ئێستادا ئه‌و دوو هێزه ده‌توانن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن ئه‌گه‌ر ئيراده‌ى به‌هێز له ئارادا بێت و ئه‌گه‌ر بۆ رازيكردنى ئه‌ملا و ئه‌ولا نه‌بێت ده‌توانن به ئاسانى بگه‌نه چاره‌سه‌رێك و دواتر ده‌توانن لايه‌نه‌كانى ديكه‌ش بهێننه ناو پرۆسه‌ى چاره‌سه‌ركردنه‌وه و ئه‌وانيش فه‌رامۆش نه‌كرێن و هه‌مووان به‌شدار بن، به‌ڵام پێويسته و به‌رپرسيارێتى ئه‌م قۆناغه واده‌خوازێت پارتى و يه‌كێتى به كاتێكى گونجاو تێگه‌يشتن درووستبكه‌ن و ببنه ميحوه‌رى تێگه‌يشتنى هه‌موو لايه‌نه‌كان.
رێككه‌وتنى پارتى و يه‌كێتى گرنگه
هه‌روه‌ها گوتى: ئێمه رێككه‌وتنى نيشتمانيمان ده‌وێت و رێككه‌وتنى نێوان دوو حزب هيچ ناگه‌يه‌نێت و ئه‌مڕۆ دوو هێزى خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و هێز و په‌يوه‌ندى و تواناى دارايى هه‌ن و ده‌توانن حكومه‌تى هه‌رێم و په‌رله‌مان چالاك بكه‌نه‌وه و له هه‌موو دنيادا شتێكى نۆرماڵه ئه‌گه‌ر دوو حزب نه‌توانن به‌يه‌كه‌وه هه‌ڵكه‌ن، خۆ ده‌توانن له ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌ت بن و كه پێداگيرى ده‌كه‌ن هه‌ر هه‌موومان به‌شدار بين ئه‌وه ده‌بێته هاوسه‌رگيرى كاسۆليكيى و له سياسه‌تدا راست نييه.
قسه‌كه‌ى مام جه‌لال
عارف روشدى گوتيشى: ئه‌وه قسه‌ى مام جه‌لاله كه هه‌موو جار ده‌يوت ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ر لايه‌ك په‌يوه‌نديمان تێكبچێت كاريگه‌رى نابێت له‌سه‌ر كوردستان و له‌گه‌ڵ پارتى په‌يوه‌نديمان تێكبچێت، ئه‌وا كاريگه‌رى له‌سه‌ر كوردستان ده‌بێت.

پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم به‌رامبه‌ر سه‌رۆكى كۆماره
له باره‌ى پرسى سێ سه‌رۆكايه‌تييه‌كه، عارف روشدى گوتى: سياسه‌ت كردار و واقيعبينييه، ده‌بێت بزانين پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم به‌رامبه‌ر پۆستى سه‌رۆكى كۆماره له به‌غدا. ئه‌وه شاراوه نييه له هيچ لايه‌نێكى سياسى و له خه‌ڵكى كوردستانيش. هه‌روه‌ها پڕۆژه‌كه‌ى جه‌نابى سه‌رۆكى هه‌رێم زۆر روونه و ده‌ڵێت فه‌رموون گۆڕانكارى له هه‌رسێ پۆسته‌كه ده‌كه‌ين و كه دێينه سه‌ر واقيع و ورده‌كارى ده‌بێت بپرسين گۆڕينى پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم له به‌رامبه‌ر چى.
هه‌روه‌ها گوتى: ئايا ئه‌م بگۆڕين و به‌غداش هه‌ر لاى يه‌كێتى بمێنێت، ئه‌مه واقيعى ئه‌مڕۆى كوردستان و عێراقه و پۆسته‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندى سياسى و هه‌رێم دابه‌شكراوون له سه‌ر ئاستى عێراق و هه‌رێمى كوردستان.
روونيشيكرده‌وه، ئه‌و پرسانه ده‌بێت به ديالۆگ چاره‌سه‌ر بكه‌ين و نابێت چاوه‌ڕوانى گۆدۆ بكه‌ين و ئه‌وه كارێكى نه‌رێنييه و چه‌ندين هه‌فته و مانگه پارتى ئاماده‌باشى هه‌يه بۆ دووباره گه‌ڕانه‌وه بۆ خولى دانووستانه‌كان به‌ڵام لايه‌نه‌كانى ديكه به تايبه‌تى يه‌كێتى ئاماده نييه به بيانووى ئه‌وه‌ى ده‌يانه‌وێت پڕۆژه‌كه‌يان ئاماده بكه‌ن و له مه‌كته‌بى سياسى و سه‌ركردايه‌تى و ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌ند ئۆكه‌ى پێ بده‌ن و پارتى ئاماده‌يه.
ده‌بێت نه‌رم بن
راوێژكارى مه‌كته‌بى سياسى پارتى ئه‌وه‌شى گوت: هه‌ر حزبێك بيه‌وێت رێككه‌وتن بێته دى ده‌بێت پڕۆژه‌كه‌ى ئه‌وه‌نده نه‌رم بێت ئيمكانى ئه‌وه‌ى هه‌بێت له باره‌يه‌وه بگه‌ينه رێككه‌وتن.
عارف روشدى جه‌ختيشى له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، كه هه‌موو لايه‌نه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى سه‌ره‌تا يه‌كێتى و پارتى رێكبكه‌ون و ئه‌وكاته لايه‌نه‌كانى ديكه‌ش بهێنرێنه ناو رێككه‌وتنه‌كه‌وه.
به‌ره‌ى گۆڕان
گوتيشى: ئه‌گه‌ر يه‌كێتى به‌ره‌ى گۆڕ‌انى هه‌ڵبژارد، ئه‌وا ده‌بێت خۆيان به‌رپرسيارێتى ئه‌نجامه‌كان بگرنه ئه‌ستۆ، ئێمه به‌رپرس نابين له‌وه‌ى ئه‌گه‌ر شتێكى عه‌مه‌لى و واقيعيى پێشكه‌ش نه‌كرا و گه‌ڕانه‌وه‌ى خاڵى سفر ئه‌و كاته نابێته تاوانى پارتى و ئێمه پێمان وتوون كه پرۆژه‌كه‌ى جه‌نابى سه‌رۆك پرۆژه‌ى پارتييه و ده‌بێت ئه‌وانيش نه‌رمڕه‌وانه بێنه پێشه‌وه.
پارتى نيگه‌ران نييه
عارف روشدى روونيشيكرده‌وه، پارتى نيگه‌رانى نزيكبوونه‌وه‌ى يه‌كێتى و گۆڕان نييه و بۆ پارتى ئه‌وه گرنگه ئه‌و پرسانه له خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان بێت.
عارف روشدى ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كرد، پارتى ده‌ستپێشخه‌رى هه‌بووه و ئه‌گه‌ر لايه‌نه‌كان نايانه‌وێت رێككه‌وتن بكرێت، با بێن و زه‌مينه سازى بكرێت بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن و خه‌ڵك راى خۆى بڵێت و كاتى ئه‌وه هاتووه خه‌ڵكى خۆمان ماندوو نه‌كه‌ين و پێويسته روون بين له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا.
دواى شه‌ڕه‌كان سه‌ربه‌خۆيى دێت
سه‌باره‌ت به پرسى سه‌ربه‌خۆيى هه‌رێمى كوردستان، كه يه‌كێتى پێى وايه ره‌وشه‌كه له‌بار نييه بۆ راگه‌ياندنى سه‌ربه‌خۆيى عارف روشدى گوتى: ئايا حكومه‌تى به‌غدا كارێكى باشى كردووه و ئێمه ره‌تمانكردبێته‌وه و چ كاتێك به‌غدا راستگۆ بووه له‌گه‌ڵمان له كاتێكدا هه‌رێم له كاته سه‌خته‌كان فريادڕه‌س بووه بۆ به‌غدا و له كوێى عێراق باسى پێكه‌وه ژيان هه‌يه و باس له‌وه ده‌كرێت هه‌رێمێك هه‌يه ده‌بێت رێزى لێبگيرێت و ئه‌وه به‌غدايه له كاتى مالكى و دواى مالكيش په‌لامارى كوردستانى دا و موچه و بودجه‌ى بڕى و ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌مان لێده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها گوتى: سه‌ربه‌خۆيى به كاركردن ده‌بێت و ئه‌وانه‌ى ده‌ڵێن كار نه‌كراوه، راست ناكه‌ن و ته‌نانه‌ت پێش چه‌ند رۆژێك فۆكۆياما له سلێمانى گوتى: هه‌رێم سه‌قامگيرترين ناوچه‌يه له ناوچه‌كه و دووه‌م ده‌بێت خه‌ڵكى كوردستان خۆيان ناسنامه‌ى خۆيان ديار بكه‌ن، ئه‌مه هه‌ڵوێستێكى گرنگ و شاهێدييه‌كى گرنگه بۆ هه‌رێمى كوردستان و ده‌ربڕى ئه‌وه‌يه كه ئيشى زۆر كراوه.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى گوت: زۆرێك له وڵاتانى جيهان له دواى شه‌ڕه‌كانه‌وه درووست بوونه و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌ت له سۆنگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى گه‌لان و گه‌وره‌يى رووداوه‌كانه و ئه‌وان ده‌وڵه‌ت درووستده‌كه‌ن.
داڕشتنه‌وه:ئ.ه