چيك كارگهى درووستكردنى تراكتۆر له ههرێم دادهمهزرێنێت
چیكییەكان دەزانن كوردستان لە رووی ئابوورییەوە داھاتوویەكی پرشنگداری دەبێ
K24 – ههولێر:
كۆماری چیك چاوی لەوەیە لە ھەرێمی كوردستاندا وەبەرھێنان لە بواری كشتوكاڵدا ئەنجامبدات، بۆ ئەم مەبەستەش جێگری وەزیری كشتوكاڵی چیك بە یاوەری باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە عێراق لە ھەولێرن و لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی ھەرێمی كوردستاندا كۆنفرانسێكیان ئەنجامدا.
چیكییەكان دەزانن كوردستان لە رووی ئابوورییەوە داھاتوویەكی پرشنگداری دەبێ ھەر بۆیە دەیانویست جیا لە ھەناردەكردنی كەل و پەلەكانیان، كوردستان بكەنە بنكەیەك بۆ ئەو كارگانەی كە لەلایەن كۆمپانیا چیكییەكانەوە خاوەندارێتی دەكرێت.
لهو بارهيهوه، ژیری شێیر، جێگری وەزیری كشتوكاڵی كۆماری چیك به كوردستان 24ـى راگهياند، ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی چەند رێككەوتنێك لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی ھەرێمی كوردستان ئەنجامبدەین دەمانەوێت لە بواری كشتوكاڵ و بەنداوەكان و كەرەستەی كشتوكاڵی یارمەتی ھەرێمی كوردستان بدەین دەمانەوێ كارگەیەكی بەرھەمھێنانی تراكتۆر لە چەند ساڵی داھاتوو بكەینەوە لە كوردستان.
گوتيشى: كوردستان ژینگەیەكی گونجاوە بۆ وەبەرھێنان، كەلوپەلی چیكی كەلوپەلی خاوەن كوالیتی بەرزن تەنانەت ئەڵمانیاش كەلوپەلی ئێمە بەكاردەھێنێت.
ههروهها میلان ماتكۆڤیچ، بەڕێوبەری پەرەپێدانی كۆمپانیای زێتۆر بۆ ئامێرە كشتوكاڵییەكان به كوردستان 24ى گوت: ئێمە وەك كۆمپانیاكەمان دڵخۆشین بەوەی كە كەلوپەلەكانمان لای جوتیارانی ھەرێمی كوردستان بەكاردەھێندرێن، لە ماوەی داھاتوودا چەند تراكتۆرێك دەدەینە جوتیاران و دواتر لقی كۆمپانیاكەمان لێرە دەكەینەوە پلانیشمان ھەیە لە چەند ساڵی داھاتوو كارگەیەكی بەرھەمھێنانی تراكتۆرمان لێرە ھەبێت.
قەبارەی كارە بازرگانییەكانی كۆماری چیك لە عێراقدا بە سەدان ملیۆن دۆلارە ، پێشتریش چیكییەكان لە بواری ھاوكاری سەربازی و پەروەردەیی و تەندرووستییەوە ھاوكاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیان كردووە ، ئێستاش چیكییەكان دەیانەوێ سوود لە ژینگەی گونجاوی كوردستان وەربگرن تا بیكەنە وێستكەی سەرەكی كاركردنی كۆمپانیاكانیان.