مێسی سڕکرا
قسەی ناشرینی بە یاریدەدەری ناوبژیوان گوتووە
K24- هەولێر
لیۆنێل مێسی بەهۆی سووکایەتیکردن بە یاریدەدەری ناوبژیوانی یاریی نێوان ئارجێنتینا و چیلی، بۆ چوار یاریی سڕ دەکرێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بەفەرمی دوای وەرگرتنی راپۆرتی ناوبژیوانی یاریی نێوان ئارجێنتینا و چیلی، کە لە میانی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی رووسیا بەڕێوەچوو و سەماکارانی تانگۆ بە گۆڵێکی مێسی سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، بڕیاری دا مێسی بۆ چوار یاریی سڕ بکات و 10 هەزار فڕەنسکی سویسڕیشی پێ بژمێرێت.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، مێسی دەچێتە لای یاریدەدەری ناوبژیوان و بە تووڕەییەوە پەنجەی بۆ رادەوەشێنێت، تەنانەت بەپێی سەرچاوەکانی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لیۆ بە ناوبژیوانەکەی گوتووە 'کوڕی لەشفرۆش'.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییە سەرەتاییەکان، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئارجێنتینا لە دادگەی تاس تانە لەم بڕیارەی فیفا دەدات و هەوڵ دەدات سزایەکەی سووک بکات، کە مێسی بەهۆی ئەم سزایەوە ناتوانێت لە یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر بۆلیڤیا یاریی بکات.