ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فورات كوتاییهات

ئامانجه‌كانی پێكاوه‌

K24 – هه‌ولێر

ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی هێزه‌كانی توركیا له‌ ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان نێوان عه‌فرین و كوبانێ كوتاییهات.

له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیا بڕیار له‌سه‌ر كوتاییهاتنی ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فورات درا و له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ به‌ "دابینكردنی ئاسایش له‌ سنووره‌كانی توركیا و دوورخستنه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی داعش له‌ سنووره‌كانی و پێدانی ده‌رفه‌ت به‌ هاووڵاتیانی سوریا" ده‌كات و ده‌ڵیت "ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فورات كوتاییهات".

هه‌ر له‌م باره‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا بیناڵی یڵدرم له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆن رایگه‌یاند ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فورات كوتاییهات.

سوپای توركیا رۆژی 24 ئابی 2016 بە یاوەری گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی نزیك لە ئەنقەرە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات ھێرشیكردە سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان لە نێوان كوبانێ و عەفرین، سەرەتا چووە ناو جەرابلوس و پاش 184 رۆژیش گەیشتنە سەنتەری ناحیەی باب.

له‌ ئۆپه‌راسیۆنی  حه‌وت مانگه‌ سوپای توركیا له‌ ناوچه‌كانی جه‌رابلوس و باب 71 سه‌ربازی توركیا كوژران.

سوپای توركیا به‌ مه‌به‌ستی دوورخستنه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش له‌ سنووره‌كانی ده‌ستی به‌ ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فوراتی كردبوو، به‌ڵام دواتر به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌، له‌وانه‌ سه‌رۆك كۆماری ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان چه‌ندین جار رایانگه‌یاند ئامانجی چوونیان بۆ سوریا پێشیگرتنه‌ به‌ یه‌په‌گه‌ بۆ‌ یه‌كخستنی كانتۆنه‌كانی رۆژئاوای كوردستان و به‌ پراكتیكیش ئه‌و ئامانجه‌یان به‌ده‌ستهێنا.