په‌كه‌كه رێگه‌ی نێوان دوو گوندی سنووری زاخۆ ده‌ته‌قێنێته‌وه
هاووڵاتییان نه‌یانتوانیوه ئۆتۆمبێله‌كانییان بهێننه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، كاتژمێر 6:30 خووله‌ك, گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه), رێگه‌ی نێوان دوو گوندیان له سنووری قه‌زای زاخۆ ته‌قانده‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان 24، په‌كه‌كه تونێلێكی له‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری رێگاى نێوان گونده‌كانی قه‌سرۆك و مێرگه‌شیش لێداوه و بۆمبڕێژی كردووه، دواتریش ته‌قاندوویه‌ته‌وه.
په‌یامنێری كوردستان 24 راشیگه‌یاند، هه‌رچه‌نده به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه هیچ زیانێكی گیانی و ماڵی نه‌بووه، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی كه بۆ گه‌شت و سه‌یران له ناوچه‌كه بوونه، به‌هۆی ته‌قاندنه‌وه‌ی رێگاكه نه‌یانتوانیوه ئۆتۆمبێله‌كانییان بهێننه‌وه و ئۆتۆمبێله‌كانییان له‌وێ جێهێشتووه.
ئه‌و گوندانه هاوسنوورن له‌گه‌ڵ باكووری كوردستان و دووره‌ده‌ستن و په‌كه‌كه تێیاندا باڵاده‌سته, به‌و هۆیه‌وه تیمی كه‌ناڵی كوردستان 24 نه‌گه‌یشتووه‌ته شوێنه‌كه، به‌ڵام هه‌ریه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی زاخۆ و عه‌قید دلێر زێباری، فه‌رمانده‌ی لیوای یه‌كی پاسه‌وانی سنوور، زانیارییه‌كانییان بۆ كوردستان 24 پشتڕاست كردووه‌ته‌وه.
