كاتی كۆنترۆڵكردنەوەی رەققە دیاركرا
"ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری رەققە چەندین مانگ دەخایەنێت"
K24 - ھەولێر
رۆژدا فیلات، فەرماندەیەکی باڵای ھێزەكانی سووریای دیموکرات ئاشکرای کردووە کە ئەوان چاوەڕێ دەکەن شەڕی کۆنتڕۆڵکردنەوەی رەقە شەڕێکی سەخت و زەحمەت بێت، گوتیشی "ئەوان پێیانوایە کە ئەو شەڕە ماوەیەکی درێژ دەخایەنێت و چەندین مانگی دیکە دەخایەنێت.
ھەروەھا ئەو فەرماندەیە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بڕیاربوو ئۆپەراسیۆنی شاری رەقە لەسەرتایی ئەم مانگە دەست پێ بکات، بەڵام ئێستا رەنگە کاتی دەستپێکی شەڕەکە بۆ ناوەڕاستی مانگ دوا بکەوێت.
قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات" رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 بۆ کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەكی دەوروبەری شاری رەققە لە لایەن ھێزەکانی سووریای دیموکرات و بەشداری یەپەگە و یەپەژە دەستیپێکردبوو.
قوناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەكەش رۆژی 10 كانوونی یەكەمی 2016 دەستیپێكرد و ھەردوو قوناغەكە بە پشتگیری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڕێوچوون.
رۆژی 4 شوباتی 2017 ژووری ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فوڕات لە كۆنگرەیەكەی رۆژنامەوانیدا قۆناغی سێیەمی رایگەیاند.