روونكردنەوەیەك لەبارەی پارەی جوتیاران

"وەزارەتی دارایی سەرقاڵی گواستنەوەی پارەیە لە بەغداوە بۆ ھەرێمی كوردستان"

K24 - ھەولێر

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی كوردستان، راگەیەندراوێك لەبارەی پارەی گەنمی جوتیاران بڵاودەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێم سەرقاڵی گواستنەوەی ئەم بڕە پارەیە بۆ ھەرێمی كوردستان.

لە روونكردنەوەكەدا ھاتووە: "کۆی ئەو گەنمەی لە وەرزی بە بازاڕکردنی 2016 لە جوتیارانی ھەرێمی کوردستان وەرگیراوە بریتیە لە 886 ھەزار تەن کە کۆی پارەکە نزیکەی 596 ملیار دینار دەبێت. لە ھەفتەی رابردوو حکوومەتی فیدڕاڵ فەرمانی خەرجکردنی بڕی نزیکەی 224 ملیار دینار کە دەکات 37.5% ی کۆی شایستەی جوتیاران بۆ ساڵی 2016 دەرکردووە".

 

دەقی روونكردنەوەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی

بابەت/شایستەی جوتیاران

ھەروەکو لای ھەمووان روونە جوتیارانی ھەرێمی کوردستان ساڵانە بەرھەمی گەنمیان رادەستی سایلۆکانی ھەرێم دەکەن و لە بەرامبەردا حکومەتی بەغدا لە چوارچێوەی بودجەی حاکیمە پارە بۆ جوتیاران تەرخان دەکات. کۆی ئەو گەنمەی لە وەرزی بە بازاڕکردنی 2016 لە جوتیارانی ھەرێمی کوردستان وەرگیراوە بریتیە لە 886 ھەزار تەن کە کۆی پارەکە نزیکەی 596 ملیار دینار دەبێت. لە ھەفتەی رابردوو حکومەتی فیدڕاڵ فەرمانی خەرجکردنی بڕی نزیکەی 224 ملیار دینار کە دەکات 37,5% ی کۆی شایستەی جوتیاران بۆ ساڵی 2016 دەرکردووە. لە ئێستادا وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێم سەرقاڵی گواستنەوەی ئەم بڕە پارەیە بۆ ھەرێم. ئاگاداری جوتیارانی ھەرێمی کوردستان دەکەینەوە بە گەیشتنی سیولەی نەقدی لە بەغداوە بۆ ھەرێم چەکەکان ئامادە دەکرێن.

 

ھەر لێرەوە داوا لە حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ دەکەین کە لە داھاتوودا بڕی ماوەی شایستەی جوتیارانی ھەرێم کە بریتیە لە 684 ملیار دینار (372 ملیار دینار ھی 2016، 243 ملیار دینار ھی 2015 و 69 ملیار دینار ھی 2014) خەرج بکات بە تایبەتی ئێمە لەسەروبەندی نزیکبوونەوەی وەزری نوێی بە بازاڕکردنین بۆ ساڵی 2017.

 

                                          د.علی سندی

                                         وەزیری بازرگانی و پیشەسازی

                                         بە وەکالەت