سویسرا له رێگای فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان خوێن و میز بۆ تاقیگه‌كان ده‌گوازێته‌وه
فڕۆكه‌كه ده‌توانێت تا یه‌ك كیلۆگرام بۆ دووری 20 كیلۆمه‌تر ببات
K24 - هه‌ولێر:
جیاواز له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به تایبه‌تی عێراق و سووریا، كه هه‌ندێكجار فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان بۆ خوێنڕێژی به‌كارده‌هێنرێت و رێكخراوی داعش به‌و رێگه‌یه بۆمب به‌سه‌ر هێزه سه‌ربازییه‌كان و هاووڵاتیاندا ده‌بارێنێت، له سویسرا نه‌خۆشخانه‌یه‌ك پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی خوێن و سمپڵی بایلۆجی له رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانه‌وه ده‌گوازێته‌وه.
راده‌ستكردنی سمپڵ و پشكنینی بایلۆجی به تایبه‌تی هی خوێن، كارێكی گرنگه له پرۆسه فریاگوزارییه‌كاندا، پێشتر ئه‌و كاره به رێگای ئۆتۆمبێل ده‌كرا و ده‌گوازرایه‌وه، به‌ڵام پرۆسه‌كه له شاره گه‌وره‌كاندا كه قه‌ره‌باڵغن و هاتووچۆ كێشه‌ی زۆری تێدایه، به‌و هۆیه‌شه‌وه زۆر نه‌شته‌رگه‌ری دواكه‌وتووه و زۆرجار مه‌ترسی بۆسه‌ر برینداره‌كه دروستبووه.
هه‌ر بۆیه، نوێنه‌رانی كه‌رتی ته‌ندروستی و كۆمپانیا تایبه‌ته‌كان له جێگره‌وه‌یه‌ك گه‌ڕاون تا تێچوویه‌كی كه‌م و خێراییه‌كی زیاتریان ده‌ستكه‌وێت، فرۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانیش یه‌كێك له‌و رێگا باشانه‌یه كه دۆزیویانه‌ته‌وه.
سویسرا ده‌ستیكردووه به تاقیكردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان تا كاری گواستنه‌وه‌ی بۆ تاقیگه پزیشكییه‌كان پێبكات، وه‌ك پشكنینی "میز، خوێن" و له نێوان نه‌خۆشخانه‌كانی شاری "لوگانۆ"ـی كانتۆنی باشووری تیچینۆ ده‌ستی به‌و كاره‌كردووه.
یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی گواستنه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌ی ساده و سه‌ره‌تایی له ساڵی 2015 به رێگای فڕۆكه‌ی جۆری دورون ئه‌نجامدراوه.
به‌ڵام ئیستا سویسرا فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی جۆری "Matternet ONE"ـیش به‌كارده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی باری سووكی پێ بگوازێته‌وه. خێرایی فڕۆكه‌كه‌ش 36 كیلۆمه‌تره له كاتژمێرێكدا و ئه‌و جۆره فڕۆكه‌یه‌ش ته‌نها بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دروستكراوه و له توانایدایه تا 1 كیلۆگرام كه‌لوپه‌ل بۆ شوێنێك به دووری 20 كیلۆمه‌تر بگوازێته‌وه.