بارزانی و شاندێكی حكوومەتی بەریتانیا شەڕی مووسڵ و قۆناغی دوای داعش تاوتوێ دەكەن

رۆڵی ھێزی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆر و تێكشكاندنی داعش بە گرنگ وەسفكرا

K24 - ھەولێر

لە دیدارێكی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، شەڕی مووسڵ و قۆناغی دوای داعش و رۆڵی ھێزی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆر و تێكشكاندنی داعش تاوتوێكرا.

سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند، ئەمڕۆ لە سەڵاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا كرد كە پێكهاتبوو لە تۆبیاس ئیڵ وۆد بەڕێوەبەری بەشی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست له وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا و فرانك بەیكەر باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و چەند راوێژكارێكی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا.

بە گوێرەی سەرچاوەكە لە دیدارەكەدا شاندی میوان سڵاوی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیای بە سەرۆك بارزانی گەیاند هەروەها رۆشناییان خستەسەر بڕیار و راسپاردەكانی لیژنەی ئاسایشی بەریتانیا كە جەخت لە هەڵوەستەكردن لەسەر بارودۆخی عێراق و پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكاتەوە وەك هێزێكی كاریگەری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هەروەها شاندی میوان پێزانینی بۆ  قوربانیدان و قارەمانێتیی پێشمەرگە و ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق هەبوو لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و ئازادكردنی مووسڵ.

لە دیدارەكەدا بە وردی نیگەرانییەكانی هەردوولا لە بارەی قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و ئەوەیش دووپات كرایەوە كە لە قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ پێویستە بەڕێوەبردن و پاراستنی ئەو شارە رەنگدانەوەی ویستی خەڵك و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا بێت. هەروەها  لەو قۆناغەدا هەماهەنگی لەنێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا هەبێت و پەیوەست بەم باسەوە پێشنیار و رێگەچارەكان تاوتوێ كران.

دیداری نێوان سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و شاندی باڵای وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا 12 نیسان 2017
دیداری نێوان سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و شاندی باڵای وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا 12 نیسان 2017
Fly Erbil Advertisment