زۆرینه‌ی به‌ریتانییه‌كان له "برێكسیت" په‌شیمانن
یه‌كه‌م راپرسییه ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه بێت
K24 - هه‌ولێر:
بۆ جاری یه‌كه‌م، له راپرسییه‌كدا، زۆرینه‌ی به‌ریتانییه‌كان په‌شیمانی خۆیان ده‌رده‌بڕن، كه ده‌نگییان بۆ چوونه ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان داوه له یه‌كێتی ئه‌وروپا، كه به "برێكسیت" ناوده‌برێت.
په‌یمانگه‌ی "یۆگۆف" راپرسییه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه و رۆژی 27ی نیسان/ ئه‌پریل، ئه‌نجامی راپرسییه‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه، زۆرینه‌ی به‌شداربووانیش كه وه‌ڵامی پرسیارێكیان له باره‌ی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا داوه‌ته‌وه، له ده‌نگدانه‌كه‌یان په‌شیمان بوونه‌ته‌وه.
پرسیاره‌كه‌ش بریتیی بووه له: "له‌و باوه‌ڕه دای كه بڕیاری چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا بڕیارێكی درووست بووه، یان هه‌ڵه بوو؟".
وه‌ك له ئه‌نجامه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت، 45%ی به‌شداربووان په‌شیمان بوونه‌ته‌وه له‌وه‌ی به به‌ڵێ ده‌نگیان داوه، له به‌رامبه‌ریشدا 43% بڕیاره‌كه‌یان به درووست داناوه و په‌شیمان نین، 12%یش نه به به‌ڵێ و نه به نه‌خێری وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌یان نه‌داوه‌ته.
له راپرسییه‌كه‌دا، 1590 كه‌س به‌شدارییان تێیدا كردووه، كه مافی ده‌نگدانییان له ریفراندۆمه‌كه‌ی 23ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی پارساڵدا هه‌بووه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، ئه‌مه یه‌كه‌م راپرسییه، كه ئه‌نجامه‌كه‌ی به شێوه‌یه‌ك بێت، كه بڕیاری ده‌رچوونی به‌ریتانیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا، به بڕیارێكی نادرووست له قه‌ڵه‌م بدات.
ریفراندۆمه‌كه له 23ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2016 ئه‌نجامدرا و تێیدا 52%ی به‌ریتانییه‌كان، به به‌ڵێ بۆ ده‌رچوونی وڵاته‌كه‌یان له یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌نگییاندا.
نزیكه‌ی 10 مانگ به‌سه‌ر ریفراندۆمه‌كه‌دا تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام تا ئێستاش ئه‌نجامی راپرسیه‌كه و بڕیاری "برێكسیت" جێگه‌ی مشتومڕی به‌ریتانییه‌كانه.