چوار په‌رله‌مانتار نامه‌يه‌كى پڕ له‌ هه‌ڵه‌ى "شه‌رمه‌زاركه‌ر" ئاراسته‌ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپا ده‌كه‌ن

ئەگەری زۆرە كاریگه‌ری خراپی هه‌بێت

K24 – هه‌ولێر:

چوار  په‌رله‌مانتارى هه‌رێمى كوردستان نامه‌يه‌ك ئاراسته‌ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپا ده‌كه‌ن و به‌ گوێره‌ى راى مامۆستايه‌كى زانكۆ, ئه‌و نامه‌يه‌ "چه‌ندين هه‌ڵه‌ى شه‌رمه‌زاركه‌رى تێدايه‌".

هاوڕێ حه‌سه‌ن حه‌مه‌, له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى فه‌يسبووك وێنه‌ى نامه‌ى هه‌ريه‌ك له‌ په‌رله‌مانتاران (عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح، عيزه‌ت سابير، شێركۆ جه‌وده‌ت و سۆران عومه‌ر)ـى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌, كه‌ ئاراسته‌ى په‌رله‌مانى يه‌كێتى ئه‌وروپايان كردووه‌.

ناوبراو له‌ باره‌ى نامه‌كه‌وه‌ زياتر دواوه‌ و نووسيويه‌تى: "ئەو نامەیە كە ئیمزای  ئەو چوار پەرلەمانتارەی  لەسەرە، چەندین هەڵەی شەرمەزار كەری تێدایە كە لەڕووی دیبلۆماسیەوە ئەگەری زۆرە كاریگه‌ری خراپی هه‌بێت له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی په‌یامه‌كه"‌.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵه‌كانيش روونيكردووه‌ته‌وه‌، كه‌:

1- لایەنەكانی نامەكە هێشتا هیچ شتێكیان نەنوسیوەو هیچ داواكارییەكیان لە لایەنی بەرامبەر نەكردووە هیوای بەختێكی باش و باشی بۆ لایەنی بەرامبەر دەخوازن كە ئەمە پێویستە لەكۆتایی نامەكەوە بێت.

2- تەواوی نامەكە نامەیەكی تایپ كراوە، بەڵام لەسەری سەرەوە كە نوسراوە بۆ: نامەكە بە قەڵەمی جافی شین نوسراوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئەوروپا كە هەم ووشەی ئەوروپا هەڵە نوسراوەو هەمیش ووشەی سەرۆكایەتی، ووشەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئەوروپا بەقەڵەمی جافی شین نوسراوەو بەمەش جیاوازە لەتەواوی نوسینی نامەكە. 

3- نامەكە چەندین هەڵەی تایپی تێدایە كە مایكرۆسۆفت ۆرد خۆی ئەو هەڵانە دیاری دەكات و وشە هەڵەكە سوور دەبێت، بەڵام نازانم ئەو برادەرانە بۆ نەپەرژاونەتە سەر ئەو هەڵانە چاكی بكەن.

4-  نامەكە هەڵەی گرامەری زۆری تێدایە و ئینگلیزیەكی رەكیكە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە.

5- نامەكە وادیارە پێشتر بە كوردی نوسراوەو هەمان تەعیبیری كوردی بەشێوەی حەرفی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی. بۆنمونە سەیری ئەم دێڕەی كۆتایی بكەن كە من شتی وام لە ئینگلیزیدا نەبینیوە:

we are sure that you will do your possible best efforts to support us in the above main points:

6- لەپێش ناوی ئەو چوار پەرلەمانتارە دەبوو بنوسرایە  Yours sincerely)  یان Yours faithfully ) بەڵام هیچ تەعبیرێكی لەو شێوەیەی تێدانیە.