به‌هۆی هێرشێكی خۆكوژی داعش ده‌یان كه‌سی سڤیل و چه‌كداری هه‌سه‌ده كوژران
هێرشی كردووه‌ته‌سه‌ر خێوه‌تگایه‌كی ئاواره‌و په‌نابه‌ره عێراقی و سوورییه‌كان له نزیك سنووری هه‌ر دوو وڵات
K24 - هه‌ولێر:
چه‌كدارانی داعش هێرشیان كردووه‌ته‌سه‌ر خێوه‌تگه‌یه‌كی په‌نابه‌ران له‌سه‌ر سنووری عیراق و سووریا و به‌و هۆیه‌شه‌وه "32" كه‌سی سڤیل و چه‌ند چه‌كدارێكی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی كوژران.
روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، ئه‌مرۆ سێ شه‌ممه رایگه‌یاند" به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه 5 خۆكوژی داعش له‌و هێرشه‌دا خۆیان ته‌قاندووه‌ته‌وه و ئه‌و شوێنه‌شی هێرشیان كردووه‌ته‌سه‌ر ناوی خێوه‌تگه‌ی " رجم الصليبي"یه و شوێنێك بووه كه ئاواره عێراقییه‌كان و ئاواره سوورییه‌كانی پارێزگای حه‌سه‌كه‌ی تێدا نێشته‌جێ بووه.
رامی عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی سووری به ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووه" به‌هۆی هێرشه‌كه‌وه 32 كه‌س كوژراون و 30 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.
به گوێره‌ی قسه‌كانی ئه‌و به‌رپرسه‌ی روانگه سوورییه‌كه، شه‌ڕێكی قورس له نێوان هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی به پاڵپشتی فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و چه‌كدارانی داعش له‌و ناوچه‌یه‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چێت".
به‌ڵام چه‌ند خۆكوژێكی داعش توانیوویانه خۆیان بگه‌یه‌ننه ناو خێوه‌تگه‌كه و پاشان خۆیان ته‌قاندووه‌ته‌وه و به‌و هۆیه‌وه زیانێكی زۆریان له خه‌ڵك و چه‌كدارانی "هه‌سه‌ده" داوه.