بۆ مانەوەی لە رەققە ھەسەدە راپرسی ئەنجام دەدات
"ئامانجمانە كێشەكان چارەسەربن و ھەموو لایەك سوودمەند بێت"
K24 - ھەولێر
ھاوسەرۆكی دەسەڵاتی فیدرالی باكووری سووریا رایدەگەیەنێت کە ئەوان پلانیان هەیە سنووری فیدرالیەتەکەیان بگەینە سەر سنووری دەریای ناوەڕاست و بۆ مانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیش لە رەققە راپرسی ئەنجام دەدەن.
هەدیە یوسف ھاوسەرۆكی دەسەڵاتی فیدرالی باكووری سووریا، بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی رایگەیاندووە، رەنگە هێزەکانیان بەرەو رۆژئاوای سووریا پێشرەو بکەن بۆ رزگارکردنی شاری ئیدلب کە 170 کیلومەتر لە رۆژئاوای رەققە دوورە کە ئێستا لە دەست هێزە ئیسلامییەکانە لەوانەش بەرەی نوسرە، هەروها ئاماژە دەکات کە لە پرۆژەکەیان بۆ باکووری سووریا ئامانجیانە بگەنە دەریای ناوەڕاست و بە مافێکی یاسایی خۆیان دەزانن.
لەبارەی ئەوەی ئایا ئەمە داخوازیێکە لە ئەمریکا بۆ گەیشتن بە دەرچەیەکی بازرگانی بۆ ئەوەی هاوکار بێت لە کۆتایی هێنانی داعش، هەدیە یوسف رایگەیاند، بێ گومان ئەمە ئامانجی ئێمە کە چەندین کێشەی ئێمە چارەسەر دەکات و هەموو لایەک سوودمەند دەبێت.
لە بارەی شاری رەققەوە هاوسەرۆکی فیدرالیەتی باکووری سووریا ئاماژەی بەوەدا، بۆ مانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەوان راپرسی لەناو خەڵکی ئەو شارە ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی کێ شارەکەیان بەرێوەببات.