گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی بە مافی خۆی دەزانێت

یەكێتی: دانانی عومەر قەڵادزەیی لە شوێنی سەردار قادر كاتییە

K24 - سلێمانی

رێکەوت زەکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر لیستی یەکێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "دانانی عومەر قەڵادزەیی لە شوێنی سەردار قادر کاتییە و هەر کاتێک بزووتنەوەی گۆڕان کاندیدی خۆی دەستنیشان بکات، ئەوا پۆستەکە دەدرێتەوە گۆڕان".

لەلایەكی دیكە و ھەر پەیوەست بەو باسە ئەنوەر تاھیر جێگری ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 گوت: "ئێمە رێككەتنی سیاسیمان بۆ پێكھێنانی ئیدارەی خۆجێی سلێمانی لەگەڵ یەكێتی ھەیە و پۆستی پارێزگاری سلێمانی ئیستحقاقی بزووتنەوەی گۆڕان، دوای دەست لەكاركێشانەوەی سەردار قادر چاوەڕێین بزووتنەوەكەمان كاندیدێكی دیكە بۆ شوێنگرتنەوە سەردار قادر دیار بكات".

لەبارەی پابەندبوونی یەكێتی بە رێككەتننامەكە ئەنوەر تاھیر گوتی: "بەداخەوە ئەو ستوونانەی دابەشكرابوو بۆ پێكھێنانی حكوومەتی خۆجێی سلێمانی وەك خۆیی جێبەجێ نەكرا، تا ئێستا بەشێكی زۆری ئەو پۆستانە بە ھەڵواسراوی ماونەتەوە، بەشێكی دیكە دەستی دەستیكردن بووە لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە بۆ ئەوەی ئەو پۆستانە رادەست نەكات".

Fly Erbil Advertisment