کوژرانی راهێنەرێک فەیسبووک رەشپۆش دەکات

سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان داوای راگیرانی خولەکە دەکات

K24- هەولێر

بەهۆی کوژرانی راهێنەرێک لە سلێمانی، دەیان کەس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دڵگرانن و وێنەی پڕۆفایلەکانیان رەش دەکەن.

رۆژی شەممە (14ی ئایاری 2017) دوای تەواوبوونی یاریی نێوان بازیان و پێشمەرگەی سلێمانی لەمیانی یارییەکانی خولی تازەپێگەیشتووانی یانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە شەڕ و ئاژاوە دروست دەبێت و دیار بەکری راهێنەری یانەی بازیان بەهۆی تەقەکردنەوە دەکوژرێت.

سەفین کانەبی، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک داوای بەپەلە راگرتنی خولەکەی لە لقی سلێمانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان کردووە و داوای لێکردوون روونکردنەوە لەبارەی رووداوەکە بدەن، دڵتەنگی خۆیشی بە رووداوەکە دەربڕیوە و نووسیویەتی 'زۆر بەداخەوە دوێنێ دیار بەکر بە کارەساتێکی دڵتەزێن بە ناحەق کوژرا'.

لە فەیسبووک هەریەکە لە هەرێم بوڕهانی کاپتنی یانەی نەورۆز،  هاوکار لەتیفی بەرگریکاری یانەی نەورۆز و عەلی کاکەمینەی هێرشبەری یانەی شێروانە و گۆڵکاری وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستان لە هەژماری فەرمی خۆیان دڵگرانی خۆیان بە

 کوژرانی راهێنەرەکەی بازیان دەربڕیوە، تەنانەت هەرێم بوڕهان وێنەی سەرەکی پڕۆفایەلەکەی کردووەتە وێنەیەکی خۆی و دیار بەکر، هەوراز کاوەی راگەیاندنکاری دیاری چەمچەماڵیش پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دڵتەنگی خۆی بەهۆی رووداوەکە دەربڕیوە.