زیاتر لە 522 ھەزار دۆلاری دیكە بۆ خوێندكارانی تواناسازی خەرج دەكرێت
"بە سیستمى بانکى ڕەوانەى زانکۆ پەیوەندیدارەکان کرا"
K24 - ھەولێر
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خەرجکردنى بڕى (522,480) هەزار دۆلارى وەک قۆناخى سێیەم و چوارەمى شایستەى دارایى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى راگەیاند، کە بەسیستمى بانکى رەوانەى زانکۆ پەیوەندیدارەکان کرا و، تيايدا 25 خوێندکارى بەرنامەى تواناسازى سودمەند دەبن.
عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "دواى ئەوەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران رەزامەندى نیشاندا لەسەر خەرجکردنى بڕى 30 ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەى دابەشکردنى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى بڕیاریدا بە خەرجکردنى قۆناخى سێیەم و چوارەمى شایستەى دارایى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى کە بەسیستمى بانکى رەوانەى زانکۆ پەیوەندیدارەکان کرا".
گوتشی: "قۆناخى سێیەم و چوارەمى شایستەى دارایى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى بڕەکەى بریتیە لە (522,480) هەزار دۆلارى ئەمریکی، بۆ ئەوەش بڕە پارەکە بە دوو قۆناغ خەرج دەکرێت، قۆناخى سێیەم بڕەکەى بریتیە لە (315,893) دۆلارى ئەمریکى و 13 خوێندکارى بەرنامەى تواناسازى لە هەریەک لە زانکۆکانى (ئەمریکا – بەریتانیا – ئوستورالیا – کەنەدا و ئەڵمانیا) لێى سودمەند دەبن، هەروەک قۆناخى چوارەمیش بڕەکەى بریتییە لە (206,587) دۆلارى ئەمریکى و، 12 خوێندکارى بەرنامەى تواناسازى لە هەریەک لە زانکۆکانى لە (ئەمریکا و ئوستورالیا) لێى سودمەند دەبن".
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى راشیگەیاند: "پێشوتر لە قۆناخى یەکەم و دووەمدا بەجیا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕى (1,930,118) مليۆن دۆلارى ئەمریکى بۆ (111) خوێندکارى بەرنامەى تواناسازى لە زانکۆ جیاکانى وڵاتانى (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئوستورالیا) خەرجکرد، کۆى گشتى ئەو بڕە پارەیەى تا ئێستا خەرجکراوە بریتیە لە (2,452,598) ملیۆن دۆلارى ئەمریکى کە (1366) خوێندکارى بەۆنامەى تواناسازى لە وڵاتە جیاکان لێى سودمەندبون، کۆى ئەو پارانەش لە ڕێگەى سيستمى بانکیەوە ڕەوانەى زانكۆکان کراوە.
لە رێکەوتى (6/3/2017) سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان رەزامەندى نیشاندا لەسەر خەرجکردنى بڕى (30) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى، بەتایبەت ئەوانەى ئێستا لە پڕۆسەى خوێندندان، بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەى خەرجکردنى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى، بەسەرۆکایەتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆبونەوەکانى بەردەوام بوە بۆ ئەوەى تەواوى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى لە سەرجەم زانکۆکانى جیهان، کە تێدا دەخوێنن قۆناخ بە قۆناخ خەرج بکات.