بڕیاری دەستگیركردن بۆ عوسمان بایدەمیر دەرچوو
بایدەمیر بۆ كوردستان24: دەسەڵاتدارانی توركیا چیان لە دەست دێت با بیكەن
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ حكوومەتی توركیا بڕیاری دەستگیركردنی بۆ عوسمان بایدەمیر گوتەبێژی پارتی دیموكراتی گەلان "ھەدەپە" دەركرد.
بەگوێرەی زانیارییەكان، دادگای چوارەمی ئامەد بڕیاری دەستبەسەركردنی بۆ عوسمان بایدەمیر، گوتەبێژی ھەدەپە دەكرد، بەھۆی ئەوەی بەشداریی نەكردووە لە دانیشتنێكی دادگا دەربارەی دۆسیەی سەڵاحەددین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی زیندانیكراوی ھەدەپە، بەڵام ھێشتا بایدەمیر دەستگیر نەكراوە.
عوسمان بایدەمیر لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردستان24 رایگەیاند: "دەسەڵاتدارانی توركیا چیان لە دەست دێت با بیكەن، لە بەرنامەی كاری خۆم بەردەوام دەبم".
ئەمە لە كاتێكدا تشیرینی دووەمی ساڵی 2016، حكوومەتی توركیا سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆكی ھەدەپە و ژمارەیەكی دیكە لە سەركردە و پەرلەمانتارانی ئەو حزبەی دەستگیركرد، تا ئێستاش زۆربەیان لە زیندانن.