یانەیەکی رووسی پەشیمانە لە سەرکەوتنی بۆ ریزی یانە نایابەکان

یاریزانان و هاندەرانی یانەکە رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە دەبنەوە

K24- هەولێر

گەرچی یانەی سیسکا خابارۆڤسکی رووسی سەرکەوتنی بۆ ریزی یانە نایابەکانی وڵاتەکەی مسۆگەرکرد، بەڵام خەریکە هاندەرانی یانەکە لەبری خۆشی، شین بگێڕن و دەبنە سەرئێشە بۆ یانەکانی دیکەی خولەکە.

دوای ئەوەی سیسکا خابارۆڤسک لە قۆناخی پلەی ئۆفی خولی یانە پلە یەکەکان سەرکەوتنی بەسەر ئۆرینبێرگ بەدەستهێنا، خابارۆڤسک گەیشتە ریزی یانە نایابەکان، بەڵام لەوانەیە تەمەنی ئەم یانەیە لە وەرزێک زیاتر نەبێت و بگەڕێتەوە ریزی یانە پلە یەکەکان.

خابارۆڤسک کەوتووەتە دوورترین شوێنی باشووری رۆژهەڵاتی رووسیا و نزیکەی 8300 کیلۆمەتر لە مۆسکۆی پایتەختەوە دوورە و دووری مەوداشی لەگەڵ سان پیترسبۆرگیش 8800 کیلۆمەتر دەبێت.

ئەگەر یانەکە یاریی بەرامبەر یانەیەکی مۆسکۆ هەبێت، دەبێت زیاتر لە 16 هەزار کیلۆمەتر ببڕێت، ئەگەر بووە میوانی زێنیت سان پێتسبۆرگیش ئەوا دەبێت نزیکەی 18 هەزار کیلۆمەتر ببڕێت.

هەر گەشتێکی یاریزانان و هاندەرانی خابارۆڤسکی رووسی بۆ ئەنجامدانی یارییەکی لە وەرزی داهاتووی خولی نایابی رووسیا دەبێتە گەورەترین کێشە، چونکە ئەگەر یارییەکەیان لە بەرامبەر یانەیەکی مۆسکۆی پایتەخت هەبێت، دەبێت زیاتر لە 10 کاتژمێر لەناو فڕۆکە بمێننەوە، ئەگەر بە شەمەندەفەریش گەشت بکەن، ئەوا پێویستیان بە 10 رۆژ دەبێت تاکو بچن و بگەڕێنەوە.

یانەی خابارۆڤسک 2002 دامەزراوە و یەکەمجارە بۆ ریزی یانە نایابەکان سەردەکەوێت و سیستەمی خولی یانە پلە یەکەکانی رووسیاش بەپێی ناوچەکان دابەشکراوە، بۆیە یەکەمجارە تۆپی پێی رووسیا دووچاری کێشەیەکی لەمجۆرە دەبێتەوە و جگە لە یاریزانان و هاندەرانی یانەکە، یاریزان و هاندەرانی یانەکانی دیکەش گرفتار دەبن.

دووری نێوان خابارۆڤسک و سان پیترسبۆرگ لەسەر نەخشەی گووگل
دووری نێوان خابارۆڤسک و سان پیترسبۆرگ لەسەر نەخشەی گووگل
خۆشی یاریزانان و راهێنەری خابارۆڤسک
خۆشی یاریزانان و راهێنەری خابارۆڤسک
دووری نێوان خابارۆڤسک و مۆسکۆ لەسەر نەخشەی گووگل
دووری نێوان خابارۆڤسک و مۆسکۆ لەسەر نەخشەی گووگل