ئێران "سیخوڕێکی موساد"ـی لەسێدارە دا
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر بەندکراوێکدا جێبەجێ کرد، ئەو کەسە بە سیخوڕیکردن بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (موساد) و پێدانی زانیاریی نهێنی لەسەر بنکە سەربازییەکان تاوانبار کرابوو.
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2026، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە راگەیەنراوێکدا، رایگەیاند، سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی "حوسێن پەدەران" جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە بە سیخوڕیکردن بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل تاوانبار کرابوو، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری ئاشکرای نەکردووە ئەو بەندکراوە کەی و لە کوێ دەستبەسەر کراوە.
ئاژانسی هەواڵی "میزان" کە لە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران نزیکە؛ بڵاویکردووەتەوە، تاوانبارەکە زانیاریی نهێنی و هەستیاری لەبارەی بنکە سەربازییەکانی پارێزگای ئیسفەهان و ئەو کەسانەی لەو ناوەندانەدا کار دەکەن، خستووەتە بەردەست دەزگای موساد.
دەسەڵاتی دادوەری ئاماژەی بەوە کردووە، پشکنینی پەیوەندییە کۆدکراوەکانی ئەو کەسە دەریخستووە، ئەو زانیارییانەی ناردوونی، دەکرێت لە هێرشکردنە سەر بەشێک لە ئامانجە سەربازییەکان لە کاتی جەنگی 12 رۆژەدا بەکارهێنرابن.
لە دوو جەنگی رابردووی ئێران لــــــە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا؛ بنکە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران رووبەڕووی هێرشی ئاسمانی، درۆنی و ئەلیکترۆنی بوونەتەوە، لەگەڵ کوژرانی چەندین زانای ئەتۆمی و فەرماندەی سەربازی.
پارێزگای ئیسفەهان یەکێکە لە ناوچە هەرە ستراتیژییەکانی ئێران، چونکە چەندین بنکەی ئاسمانیی گەورە و دامەزراوەی ئەتۆمی (وەک دامەزراوەی نەتەنز)ـی تێدایە. ئاشکرابوونی زانیارییە هەستیارەکان لەسەر ئەم پارێزگایە، گورزێکی گەورەیە لە ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بۆیە دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە سزای توند بەسەر هەر کەسێکدا دەسەپێنن گومانی سیخوڕیکردنی لێ بکرێت.