لیژنەی فەتوا بڕی زەكات و سەرفیترەی دیاركرد

ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین دەبێ ھەر كەسێك لە 10 ھەزاردینار زیاتر بدات

K24 - ھەولێر

لە نووسراوێكدا لیژنەی باڵای فەتوای یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان بڕی زەکات و سەرفیترەی بۆ ئەمساڵ دیاری کرد.

 بە گوێرەی نووسراوەكەی لیژنەی باڵای فەتوا، بۆ هەر کەسێک زەکات سێ هەزار دیناری عێراقی دیاركراوە، ئەو کەسانەی ناتوانن لە مانگی رەمەزاندا بە رۆژو بن، وەک فیدیە بۆ هەر رۆژێک دەبێت 3 هەزار دینار بدات هاوشێوەی سەرفیترە بۆ تەواوی مانگی رەمەزانیش بڕی ٩٠ هەزار فیدیە دیاری کراوە.

سەبارەت بە زەكات ئاماژە بەوەكراوە، لەبەر ئەوەی زیو وەك عوملەیەکی فەرمی مامەڵەی پێوە ناکرێت و نێودەوڵەتی نییە، بۆیە لیژنەی باڵای فەتوا پارەکە بە زێڕ مەزەندە دەکات بە بڕی 4 ملیۆن و 500 هەزار دینار، واتە لەسەرووی ئەو بڕە پارەیەوە زەکاتی لێدەدرێت و لەو بڕەش هەر ملیۆنێک 25 هەزار دینار زەکاتی لێدەکەوێت.

لیژنەی فەتوا ئەوەشی روونكردووەتەوە بۆ ئەو کەسانەی لە دەرەوەی کوردستان دەژین دەبێ بەگوێرەی ئەو وڵاتەی تێیدا دەژی سەرفیترە و زەکات و فیدیە بدات، ئەگەر ئەو بڕەشی نەزانی دەتوانرێت بڕی زیاتر لە 10 هەزار دینار بۆ ھەر كەسێك بدرێت.

لیژنەی فەتوا بڕی زەكات و سەرفیترەی دیاركرد
لیژنەی فەتوا بڕی زەكات و سەرفیترەی دیاركرد