کشتوکاڵی شەقڵاوە: ساڵانە زیاتر لە 10 تۆن بادەم لە سنوورەکەمان بەرهەم دەهێندرێت
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شەقڵاوە، وردەکاری و ئاماری پەیوەست بە رەوشی داری بادەم (باوی) و ئاستی بەرهەمهێنانی لەو سنوورە خستەڕوو.
ئەمڕۆ سێشممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەحمەد جەمال، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شەقڵاوە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 سەبارەت بە جۆرەکانی بەرهەمەکە رایگەیاند: "لە ناوچەکەماندا داربادەم بە دوو شێوە هەیە؛ جۆرێکیان خۆڕسکە کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 2,500 دار و بەرهەمی ساڵانەیان لە نێوان 3 بۆ 4 هەزار تۆنە. لەم جۆرەدا جووتیاران خۆیان خەرجییەکانیان لەئەستۆ دەگرن و بەرهەمەکانیان دەخەنە بازاڕەوە."
سەبارەت بە جۆرەکەی دیکەش، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شەقڵاوە ئاشکرایکرد: "جۆرەکەی دیکەش ئەو دارانەن کە لەناو باخەکاندا دەچێندرێن، کە ژمارەیان نزیکەی 5,000 دار دەبێت و ساڵانە 8 بۆ 10 تۆن بەرهەمیان هەیە."
ئەحمەد جەمال روونیکردەوە، داربادەم بە شێوەیەکی پەرشوبڵاو و تێکەڵ لەگەڵ درەختی دیکەی وەک قەزوان دەچێندرێت. جەختیکردەوە، ئەم بەرهەمە وەک کێڵگەی گەورەی تەرخانکراو بەڕێوەناچێت و هیچ زەوییەکی 10 دۆنمی بەتەنیا بۆ بادەم تەرخان نەکراوە.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لەسەر ئاستی بەرهەم، ئەو بەڕێوەبەرە روونیکردەوە، بڕی بەرهەم ساڵ بە ساڵ دەگۆڕێت و پەیوەستە بە رەوشی کەشوهەواوە و گوتی: "پارساڵ بەهۆی ئەوەی گوڵکەی بادەم زوو پشکوت و دواتر بارانێکی زۆر باری، بەرهەمەکە زیانی پێگەیشت. پێگەیشتنی ئەم بەرهەمە پێویستی بە کەشوهەوایەکی لەبار و گەرم هەیە، چونکە سەرما و شەختە زیانی گەورەی پێدەگەیەنێت."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەحمەد جەمال نرخی بەرهەمەکانی لە بازاڕدا دیاریکرد و رایگەیاند: "لە وەرزی بەهاردا و کاتێک بەرهەمەکە تازە پێدەگات کە پێی دەگوترێت فەریک یان چەقەڵە، نرخی یەک کیلۆگرامی لە نێوان 4,000 بۆ 5,000 هەزار دینارە."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شەقڵاوە سەبارەت بە نرخەکانی دیکە گوتی: "کاتێک وشک دەبێتەوە، نرخەکەی دەگاتە 3,000 تا 3,500 هەزار دینار. هەروەها نرخی یەک کیلۆی بادەمی پاککراو لە بازاڕەکاندا بە 14,000 هەزار دینار دەفرۆشرێت."