رێگای چۆمان - رانیە داخرا

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بارەگاكانی پەكەكە لە بناری قەندیل بۆردوومان دەكەن

K24 - سۆران

بەھۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر بارەگاكانی پەكەكە لە بناری قەندیل رێگای چۆمان - رانیە داخرا.

پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری سۆران رایگەیاند: "فڕۆكە جەنگییەكانی بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" لە گوندی باوان و چیای كورتەك بۆردوومان دەكەن، بەم ھۆیەوە رێگای نێوان چۆمان- رانیە داخرا".

گوتیشی: "بەھۆی بۆردوومانی سەخت و نەبوونی ھاتووچۆ بۆ ناوچەكە تا ئێستا زەرەر و زیانی بۆردوومانەكە نەزانراوە".

چەند ساڵێكە بەھۆی بوونی بارەگاكانی پەكەكە، ئەو ناوچەكانی بناری قەندیل و چەند دەڤەرێكی دیكەی باشووری كوردستان، لەلایەن توركیاوە بۆردوومان دەكرێن، تا ئێستاش ژمارەیەك ھاووڵاتی ناوچەكە بەوھۆیەوە بوونەتە قوربانی، ھەندێكی دیكەش ناچاربوونە گوندەكانیان جێ بھێڵن.