داوا لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەكرێت بەستنی كۆنگرە تاوتوێ بكات
سەركردەكانی یەكێتی لەماڵی تاڵەبانی كۆدەبنەوە
K24 - سلێمانی
لەكاتێكدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان یادی 42 ساڵەی دامەزراندنی دەكاتەوە كە دوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی یەكێتی چەندین كێشە بەرۆكی ئەو حزبەی گرتووە، تا ئێستا سەركردەكانی یەكێتی نە توانیویانە كەسێك وەك رێبەری حزبەكەیان دیار بكەن نە دەتوانن كۆنگرە ئەنجام بدەن، ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی لە نامەیەكدا داوای لە مەكتەبی سیاسی حزبەكەی كردووە، گفتوگۆ بۆ بەستنی كۆنگرە بكەن، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیش دەڵێ، پێش كۆنگرە پێویستە نێوماڵی خۆمان رێكبخەینەوە.
مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە كوردستان24 گوت: "بەھۆی كۆمەڵێك ھۆكار نەمانتوانی ئەمساڵ وەك ساڵانی رابردوو یادی دامەزراندنی یەكێتی بكەینەوە، بۆیە بڕیارە لە مەكتەبی سیاسی كۆببینەوە و دواتر سەردانی مام جەلال بكەین و پاشان لە ئۆرگانەكان پێشوازی لە میوانان دەكەین، ھەروەھا سەردانی ماڵە شەھیدان دەكەین".
لەبارەی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی مستەفا چاوڕەش ئاشكرای كرد: "دوێنێ ئەنجوومەنی ناوەند نامەیەكیان بۆ مەكتەبی سیاسی ناردووە تێیدا داوایان كردووە، لە كۆبوونەوەی داھاتووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی یەكێك لە پرسەكانی كۆبوونەوەكە بەستنی كۆنگرەبێت، ھەرچەندە زۆر بەسەر كاتی كۆنگرەدا تێپەڕیووە، بەڵام پێم وایە پێش ئەوەی بچینە نێو كۆنگرە پێویستە نێوماڵی خۆمان رێكخەین، كۆنگرە بە یەكگرتووی بكەین باشترە نەك كۆنگرە ببەستین و بە چەند بەشێك بێینە دەرەوە".