دوای چوارساڵ لە زیندان مورسی چاوی بە ھاوسەر و منداڵەكانی كەوتەوە

كوڕەكەی رایگەیاندووە كە تەندروستی باوكی زۆر باشە

K24 - ھەولێر

دوای 4 ساڵ لە زیندانیكردنی محەمەد مورسی سەرۆكی لەسەركارلابراوی مسر، چاوی كەوتەوە بە ھاوسەر و منداڵەكانی.

بە گوێرەی میدیاكانی میسر، بۆیەكەمجار دوای 4 ساڵ لە زیندانیكردنی، دەسەڵاتدارانی میسر رێگەیان بە ھاوسەر و كچ و كوڕی محەمەد مورسی سەرۆكی لەسەركارلابراوی ئەو وڵاتەداوە مورسی ببینن.

عەبدوڵڵای كوڕی مورسیش رایگەیاند، تەندروستی باوكی زۆرباشە و ھیچی دیكەی نەدركاند.

مورسی لە گرتووخانەیەكی باشووری قاھیرەی پایتەخت زیندانیكراوە و لە تشرینی دووەمی 2013، نامەیەكی لە رێگەی كەسوكارەكەیەوە بڵاوبوویەوە كە تاكو ئێستاش خۆی بە سەرۆكی میسر دەزانێت، بۆیە لەوكاتەوە سەردانی كەسوكارەكەی قەدەخەكرا.

لە ساڵی 2013 محەمەد مورسی سەرۆكی ئەوسای میسر دوورخرایەوە و دەستگیركرا، لەسەر چەند تاوانێك سزای 139 ساڵی بۆ بڕایەوە.