ترسی ئابڵۆقه بازاڕه‌كانی خۆراده‌مه‌نی له ده‌وحه پڕكردووه له كڕیار
"هیچ كاتێك قه‌ره‌باڵغی به‌و شێوه‌یه نه‌بینراوه"
K24 - هه‌ولێر:
ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتیان و دانیشتوانی وڵاتی قه‌ته‌ر، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ پاش ده‌رچوونی بڕیاری چوار وڵاته‌كه بۆ پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانیان و داخستنی ده‌روازه زه‌مینی و ئاسمانی و ده‌ریاییه‌كان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خۆراك و پێداویستییه‌كانیان روویانكرده بازاڕ و ماركێته‌كان و بڕێكی زۆر خوارده‌مه‌نی و خۆراكیان كڕی.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی "هه‌واڵی ده‌وحه" كه وێنه‌یه‌كی ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ی خه‌ڵكیشی له ماركێته‌كان بڵاوكردووه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت دووكان و عهرهبانهكانیش خه‌ڵكێكی زۆر روویان تێكردووهوهو بڕێكی زۆری شیر و ئاو و برنج و هێلكه و پێداویستییه‌كانی دیكه‌یان كریوه.
پێگه قه‌ته‌رییه‌كه لیدوانی كه‌سێكی بیانی دانیشتووی ئه‌و شاره‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و گوتوویه‌تی" پێشتر له هیچ سوپه‌ر ماركێتێك قه‌ره‌باڵغی به‌و شێوه‌یه‌م نه‌بینیووه ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه پێكه‌وه عه‌ره‌بانه‌كانیان پڕبكه‌ن له خۆراك و خوارده‌مه‌نی و ئاو".
له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش وێنه‌ی چه‌ند به‌شێكی چۆڵی ناو ماركێته‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه پاش ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌موو ئه‌و پێداویستیانه‌یان كڕیوه، ره‌فه‌كان چۆڵ بوون، له هه‌ندێك شوێنیش كڕیاران مریشك و گۆشتی فرێش و به‌ستوویان نه‌هێشتووه‌و هه‌موویان كڕیوه.
نه‌ك ماركێته گه‌وره‌كان، ته‌نانه‌ت دووكان و مینی ماركێتی ناو گهرهكهكانیش ئه‌و لێشاوه كڕیاره رووی تێكردبوون.