لە سلێمانی پێشانگەیەکی هاوبەشی پەیکەرسازی هونەرمەندانی عێراق و کوردستان کرایەوە

لە سلێمانی و بە بەشداریی 31 هونەرمەندی کورد و عەرەب، پێشانگەیەکی هاوبەشی پەیکەرسازی لە گەلەری گەلاوێژ کرایەوە. چالاکییەکە بە ئامانجی ناساندن و بەرەوپێشبردنی زیاتری هونەری پەیکەرسازی رێکخراوە.

چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، کامەران مەحموود، هونەرمەندی بەشداربووی پێشانگەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەم پێشانگەیە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ناساندن و پەرەپێدانی هونەری پەیکەرسازی، چونکە بە بەشداری 31 هونەرمەندی کورد و عەرەب و نمایشکردنی 35 بەرهەم، دەرفەتێکی گونجاو بۆ پیشاندانی تواناکان و ئەزموونی جیاوازی هونەرمەندان لەم بوارەدا رەخساوە".

مەحموود سەبارەت بە ئامانجەکانی چالاکییەکە گوتی: "ئامانجی سەرەکیی ئەم جۆرە چالاکییانە ئەوەیە هونەری پەیکەرسازی زیاتر بناسرێت و شوێنی شایستەی خۆی لە گەلەرییەکان و ناوەندە هونەرییەکاندا بدۆزێتەوە. بەشداریی هونەرمەندانی کورد و عەرەب لە یەک پێشانگەدا، دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و ناساندنی شێواز و بیرکردنەوە جیاوازەکان لە هونەری پەیکەرسازیدا".

ئەو هونەرمەندە لەبارەی بەرهەمەکانەوە جەختیکردەوە: "لەو بەرهەمانەی نمایشکراون، بەرد و دار وەک دوو کەرەستەی سەرەکیی بەکارهاتوون و هەر هونەرمەندێک بەپێی بیرۆکە و هەستی خۆی هەوڵیداوە لە رێگەی گۆڕینی ئەم کەرەستانەوە، شێوە و واتایەکی تایبەت بە بەرهەمەکەی ببەخشێت. پەیکەرسازی تەنیا دروستکردنی شێوەیەکی سێ رەهەندی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکە کە تێیدا کەرەستە و توانای دەستی هونەرمەند و بیرۆکەی هونەری بەیەکەوە دەبەسترێنەوە، تا پەیام و هەستێک بە بینەر بگەیەنێت".

سەبارەت بە بەشداری خۆی لە پێشانگەکەدا، مەحموود گوتی: "منیش وەک یەکێک لە پەیکەرتاشە بەشداربووەکان، بە یەک بەرهەم بەشداریم کردووە. ئەنجامدانی ئەم جۆرە پێشانگەیانە زۆر گرنگە، چونکە دەرفەتێک دەڕەخسێنن بەرهەمەکانی پەیکەرسازان بە شێوەیەکی راستەوخۆ بگەنە بینەران و خەڵک زیاتر لەگەڵ ئەم بوارە هونەرییە ئاشنا ببێت".

مەحموود لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد: "پێشانگەی پەیکەرسازی بە بەراورد لەگەڵ هەندێک بواری دیکەی هونەر، کەمتر بەڕێوەدەچێت، چونکە پەیکەرسازی هونەرێکە پێویستی بە توانای تەکنیکی و کات و سەرنج و کەرەستەی تایبەت هەیە. بەرهەمهێنانی پەیکەر زۆرجار کارێکی ماندووکەرە و پێویستی بە حەوسەڵەیە".

لە کۆتاییدا سەبارەت بە کێشەکانی ئەم بوارە، ئەو هونەرمەندە گوتی: "یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکان نەبوونی دەستگەیشتنی ئاسانە بە کەرەستە و ئامرازە پێویستەکان، چونکە هەموو پەیکەرتاشێک ناتوانێت بە ئاسانی ئەو کەرەستانە دابین بکات. ئەم کێشەیەش کاریگەری لەسەر ژمارەی پەیکەرسازان و بەڕێوەچوونی پێشانگەی تایبەت بەو بوارە دادەنێت".