لە پەرلەمانی عێراق واژۆ بۆ بانگهێشتکردنی پارێزگاری بانکی ناوەندی و وەزیری دارایی کۆدەکرێتەوە
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، لە پەرلەمانی عێراق واژۆ بۆ بانگهێشتکردنی پارێزگاری بانکی ناوەندی و وەزیری دارایی کۆدەکرێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق بەهای فرۆشتنی یەک دۆلاری بۆ هاووڵاتیان بە 1520 دینار دیاری کرد. کە بەهۆی بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراق جۆرێک شڵەژانی بازاڕی بەخۆیەوە بینی و هاووڵاتیانی نیگەران کرد.
بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، بەهای نوێی دۆلار بەم شێوەیەی خوارەوە دیاریکراوە:
یەکەم، نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی 1,500 دینارە.
دووەم، نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان 1,510 دینار دیاریکراوە.
سێیەم، نرخی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکانەوە بۆ سوودمەندی کۆتایی 1,520 دینارە.
حامید نەعیم غازی، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026 دەست پێدەکات.