عەرەبەکان بی ئین سپۆرتس بایکۆت دەکەن
بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی وڵاتەکانیان لەگەڵ قەتەڕ
K24- هەولێر
بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی وڵاتەکانیان لەگەڵ قەتەڕ، چەندان میدیاکار و شرۆڤەکاری دامەزراوەی میدیایی وەرزشی بی ئین سپۆرتس دەستیان لەکارکێشایەوە و چەند یانەیەکیش بایکۆتی کەناڵەکەیان کردووە.
دوای ئەوەی سعودیە، ئیمارات، میسر و بەحرەین پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان لەگەڵ قەتەڕ پچڕاند و رێگە وشکانی، ئاوی و ئاسمانییەکانیان لەگەڵ ئەم وڵاتە داخست، لە وەرزشیش هەمان کاردانەوەیان هەبوو و تەنیا دوای چەند کاتژمێرێک چەندان کۆمێنتار، میدیاکار و شرۆڤەکاری بی ئین سپۆرتس کە گەورەترین دامەزراوەی میدیای وەرزشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، دەستیان لەکار کێشایەوە.

ئەحمەد حوسام میدۆ، شرۆڤەکاری بەناوبانگی میسری و یاریزانی پێشووی تۆتێنهام هۆتسپێرسی ئینگلیزی تەنیا دوای چەند کاتژمێرێک دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە کەناڵە مۆرەکە راگەیاند و لە هەژماری فەرمی خۆی بڕیارەکەی خۆی ئاشکراکرد.

نەوا ف تمیات، شرۆڤەکاری بەنابوناگی سعودیش دوای میدۆ ئەویش دەستی لەکار کێشایەوە و ماڵئاوایی لە بی ئین سپۆرتس کرد و بە تویتێک هیوای سەرکەوتنی بۆ قەتەڕییەکان خواستووە.

عەلی سەعید کەعبی، کۆمێنتاری بەناوبانگی ئیماراتی کە پێشتریش جارێکی دیکە دەستی لە کارکردن لە کەناڵە قەتەرییەکە کشاندووەتەوە و بۆ هۆکاری سیاسی گەڕێنرایەوە، ئەمجارەش ماڵئاوایی لە بی ئین سپۆرتس کرد و لە تویتەر ئەم بڕیارەی خۆی راگەیاند و نووسیویەتی 'بەپێی رێنمایی وڵات و سەرکرداەکانمان، بڕیارمدا کۆتایی بە هاوکارییەکانمان بهێنم'.

فەهد عوتێبی، کۆمێنتاری بەناوبانگی سعودی کەناڵەکە یەکێکە لەوانەی وازی لە کارکردن لە بی ئین سپۆرتس هێناوە و ئەویش لە تویتەر ماڵئاوایی لە هاوکارانی کردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستوون.

لەلایەکی دیکەوە، فەهد روقیش بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی وڵاتەکەی و قەتەڕ بڕیاری دا واز لە کارکردن لە کەناڵی کاس بهێنێت و لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر نووسیوتی 'ئامادە نیم لە شوێنێک کاربکەم، کە دژایەتی وڵاتەکەم بکات'.
فەهد قەتەڕی بە هاوکاریکردنی تیرۆریستان تۆمەتبارکردووە و ئەمەش رەخنەی قەتەڕییەکانی لێکەوتووەتەوە.
جگە لە دەست لەکارکێشانەوەی کارمەندەکانی، بی ئین سپۆرتس لەلایەن یانەکانیشەوە بایکۆتکراوە، یانەکانی ئەهلی و زەمالیکی میسری کە گەورەترین یانەکانی میسر و عەرەبن، لە دوو بەیاننامەیاندا رایانگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین لەمەودوا مامەڵە لەگەڵ کەنالی بی ئین سپۆرتسی قەتەڕی بکەن و ئەو کەناڵەیان بایکۆت کردووە.
لە ئیماراتیش، کۆمپانیاکانی ئیتیساڵات و دیۆ کەناڵەکانی بی ئین سپۆرتسیان سڕیوەتەوە و ناتوانرێت سەیری کەناڵەکە بکرێت، بە گوێرەی سەرچاوەی میدیاکانیش لە سعودیە بەنیازن کەناڵە قەتەڕییەکە بەیەکجاری بایکۆت بکەن و جگە لە یانەکان، هاوڵاتیانیش بایکۆتی بکەن.