عەرەبەکان بی ئین سپۆرتس بایکۆت دەکەن

بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی وڵاتەکانیان لەگەڵ قەتەڕ

K24- هەولێر

بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی وڵاتەکانیان لەگەڵ قەتەڕ، چەندان میدیاکار و شرۆڤەکاری دامەزراوەی میدیایی وەرزشی بی ئین سپۆرتس دەستیان لەکارکێشایەوە و چەند یانەیەکیش بایکۆتی کەناڵەکەیان کردووە.

دوای ئەوەی سعودیە، ئیمارات، میسر و بەحرەین پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان لەگەڵ قەتەڕ پچڕاند و رێگە وشکانی، ئاوی و ئاسمانییەکانیان لەگەڵ ئەم وڵاتە داخست، لە وەرزشیش هەمان کاردانەوەیان هەبوو و تەنیا دوای چەند کاتژمێرێک چەندان کۆمێنتار، میدیاکار و شرۆڤەکاری بی ئین سپۆرتس کە گەورەترین دامەزراوەی میدیای وەرزشی رۆژ‌هەڵاتی ناوەڕاستە، دەستیان لەکار کێشایەوە.

تویتی میدۆ
تویتی میدۆ

ئەحمەد حوسام میدۆ، شرۆڤەکاری بەناوبانگی میسری و یاریزانی پێشووی تۆتێنهام هۆتسپێرسی ئینگلیزی تەنیا دوای چەند کاتژمێرێک دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە کەناڵە مۆرەکە راگەیاند و لە هەژماری فەرمی خۆی بڕیارەکەی خۆی ئاشکراکرد.

تویتی نەواف تمیات
تویتی نەواف تمیات

نەوا ف تمیات، شرۆڤەکاری بەنابوناگی سعودیش دوای میدۆ ئەویش دەستی لەکار کێشایەوە و ماڵئاوایی لە بی ئین سپۆرتس کرد و بە تویتێک هیوای سەرکەوتنی بۆ قەتەڕییەکان خواستووە.

تویتی عەلی سەعید کەعبی
تویتی عەلی سەعید کەعبی

عەلی سەعید کەعبی، کۆمێنتاری بەناوبانگی ئیماراتی کە پێشتریش جارێکی دیکە دەستی لە کارکردن لە کەناڵە قەتەرییەکە کشاندووەتەوە و بۆ هۆکاری سیاسی گەڕێنرایەوە، ئەمجارەش ماڵئاوایی لە بی ئین سپۆرتس کرد و لە تویتەر ئەم بڕیارەی خۆی راگەیاند و نووسیویەتی 'بەپێی رێنمایی وڵات و سەرکرداەکانمان، بڕیارمدا کۆتایی بە هاوکارییەکانمان بهێنم'.

تویتی فەهد عوتێبی
تویتی فەهد عوتێبی

فەهد عوتێبی، کۆمێنتاری بەناوبانگی سعودی کەناڵەکە یەکێکە لەوانەی وازی لە کارکردن لە بی ئین سپۆرتس هێناوە و ئەویش لە تویتەر ماڵئاوایی لە هاوکارانی کردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستوون.

فەهد روقی
فەهد روقی

لەلایەکی دیکەوە، فەهد روقیش بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی وڵاتەکەی و قەتەڕ بڕیاری دا واز لە کارکردن لە کەناڵی کاس بهێنێت و لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر نووسیوتی 'ئامادە نیم لە شوێنێک کاربکەم، کە دژایەتی وڵاتەکەم بکات'.

فەهد قەتەڕی بە هاوکاریکردنی تیرۆریستان تۆمەتبارکردووە و ئەمەش رەخنەی قەتەڕییەکانی لێکەوتووەتەوە.

جگە لە دەست لەکارکێشانەوەی کارمەندەکانی، بی ئین سپۆرتس لەلایەن یانەکانیشەوە بایکۆتکراوە، یانەکانی ئەهلی و زەمالیکی میسری کە گەورەترین یانەکانی میسر و عەرەبن، لە دوو بەیاننامەیاندا رایانگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین لەمەودوا مامەڵە لەگەڵ کەنالی بی ئین سپۆرتسی قەتەڕی بکەن و ئەو کەناڵەیان بایکۆت کردووە.

لە ئیماراتیش، کۆمپانیاکانی ئیتیساڵات و دیۆ کەناڵەکانی بی ئین سپۆرتسیان سڕیوەتەوە و ناتوانرێت سەیری کەناڵەکە بکرێت، بە گوێرەی سەرچاوەی میدیاکانیش لە سعودیە بەنیازن کەناڵە قەتەڕییەکە بەیەکجاری بایکۆت بکەن و جگە لە یانەکان، هاوڵاتیانیش بایکۆتی بکەن.