بەڤیدیۆ.. ورچێک پێشبینی ئەنجامی یارییەکانی جامی کیشوەرەکانی 2017 دەکات
تاکو ئێستا پێشبینییەکانی دروستن
K24- هەولێر
ورچێک لە رووسیا پێشبینی بۆ ئەنجامی یارییەکانی جامی کیشوەرەکانی 2017 دەکات، تاکو ئێستا زۆربەی پێشبینییەکانی دروستن و پێشبینی بۆ ئەنجامی یارییەکانی ئەمشەویش کردووە.
نیکا ناوی ورچەکەیە و لە باخچەی ئاژەڵانی مۆسکۆیە، پێش هەموو یارییەک خواردنی لە دوو قاپی رووپۆشکراو بە ئاڵای هەردوو هەڵبژاردەی یارییەکەی بۆ دادەنێن و نیکا خواردنی ئەو قاپە دەخوات کە پێشبینی دەکات سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
نیکا لە دوو یاریی یەکەمی جامی کیشوەرەکان پێشبینییەکانی دروست دەرچوون، پێشبینی کرد رووسیا لە نیوزیلاند بباتەوە و لە هەڵبژاردنی براوەی یاریی نێوان پۆرتوگاڵ و مێکسیکۆش دوودڵ بوو و هەردوو هەڵبژاردە بە دوو گۆڵ بەرامبەربوون.
ورچە رووسییەکە پێشبینیشی کرد ئەڵمانیا سەرکەوتن بەسەر ئوستڕاڵیا بەدەست بهێنێت و پێشبینییەکەی هاتەدی و مانشافت 3-2 لە ئوستڕاڵیای بردەوە.
نادیدا زایکۆ، جێگری بەڕێوەبەری باخچەی ئاژەڵانی مۆسکۆ لەبارەی ورچەکەی باخچەکەیانەوە دەڵێت 'زۆر سەرسوڕهێنەرە، نیک لە پێشبینی دوو یاریی دەستپێکی جامی کیشوەرەکان سەرکەوتووبوو و هەردوو پێشبینییەکەی دروست بوون، من باش دەیناسم دەزانم ورچێکی ژیر و زیرەکە، هیوادارم ساڵی داهاتووش نیک بۆ مۆندیالی 2018 زیرەکی خۆمان پیشان بدات'
ورچەکە پێشبینی بۆ یارییەکانی ئەمشەویش کردووە و بۆ یاریی یەکەم کە کاتژمێر 18:00 لە نێوان رووسیا و پۆرتوگاڵ بەڕێوە دەچێت، نیکا پێشبینی دەکات رووسیا بباتەوە، بۆ یاریی دووەمیش کە کاتژمێر 21:00 بەڕێوە دەچێت پێشبینی دەکات نیوزیلاند لە مێکسیکۆ بباتەوە
بۆ یارییەکانی سبەی پێنجشەممەش، نیکا پێشبینی دەکات ئەڵمانیا لە چیلی بباتەوە و ئوستڕاڵیاش بەرامبەر کامیڕۆن شکست بهێنێت