وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: رێککەوتنی گرینلاند رێگری لە دامەزراندنی بنکەی سەربازیی رووسیا و چین دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو رێککەوتننامە ئەمنییەی لە نێوان واشنتن و دانیمارک لەبارەی دوورگەی گرینلاند هاتووەتە ئاراوە، گەرەنتی ئەوە دەکات، چین و رووسیا نەتوانن هیچ بنکەیەکی سەربازی لەو دوورگە جەمسەرییەدا دابمەزرێنن.
بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوایکرد ناوی ئاشکرا نەکرێت ئەمڕۆ شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026 بە ئاژانسی فرانس پرێسی رایگەیاند: "رێککەوتنەکە بە شێوەیەکی راشکاوانە دەسەڵاتی تەواو دەداتە ئەمریکا تا هەر هەنگاوێک لە گرینلاند بگرێتەبەر کە بە پێویستی دەزانێت بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرگریکردن لە کیشوەری ئەمریکا، لەوانەش مافی هاتوچۆ و گەیشتنی هەمیشەیی، دامەزراندنی بنکەی سەربازی و فڕین بەسەر ئاسمانی دوورگەکەدا."
ئەو بەرپرسە گوتیشی: "ئەم رێککەوتنە دەستەبەری ئەوە دەکات کە نە چین و نە رووسیا ناتوانن بنکەی سەربازی لە گرینلاند دابمەزرێنن یاخود هێز بۆ ئەوێ رەوانە بکەن، هەروەها سەرجەم میکانیزمە پێویستەکان دابین دەکات بۆ رێگریکردن لە هەر وەبەرهێنانێک لە کەرتە هەستیارەکاندا لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە."
ئەم لێدوانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوا ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" ئاشکرای کرد، بەپێی ئەم رێککەوتنە، هیچ کام لە نەیارانی ئەمریکا ناتوانن بەبێ رەزامەندیی واشنتن وەبەرهێنانی هەستیار لە دوورگەکەدا بکەن، هەروەها رایگەیاند، رێککەوتننامەکە هیچ وادەیەکی بەسەرچوونی بۆ دانەنراوە.
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "لەسەر بنەمای رێنماییەکانی من، لەگەڵ نوێنەرانی دانیمارک و گرینلاند کارمان کرد بۆ دەستەبەرکردنی ئەوەی ئەمریکا بۆ هەمیشە توانای تەواوی هەبێت هەر کارێک پێویست بێت لە گرینلاند بکات، لە پێناو مسۆگەرکردنی ئاسایش و بەرگریکردن لە گرینلاند و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."
ترەمپ لە درێژەی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "بەڵام، لەمەودوا هیچ کام لە نەیارانی ئەمریکا هەرگیز ناتوانن بەبێ رەزامەندیی روون و نووسراوی ئێمە، بنکەی سەربازی لە گرینلاند دابمەزرێنن، یان بوونی سەربازییان هەبێت، یاخود دەست بۆ وەبەرهێنانی هەستیار ببەن."
لای خۆیەوە، میتە فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانمارک گوتی، ئەو رێککەوتنەی وڵاتەکەی و ئەمریکا پێی گەیشتوون و کۆنترۆڵی ئاسایشی گرینلاند دەبەخشێتە واشنتن، بۆ هاوپەیمانی ناتۆ و ئەوروپا بەسوودە.
فرێدریکسن روونیکردەوە، رێککەوتنەکە ئاسایشی هاوبەشمان لە ناوچەی جەمسەری باکوور و باکووری ئۆقیانووسی ئەتڵەسیدا بەهێز دەکات.