کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێرێز ببینێت چی پێ دەڵێت؟

کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکە چارەنووسی رۆناڵدۆ یەکلا دەکاتەوە

K24- هەولێر

رۆژ بە رۆژ بابەتی رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ریال مەدرید گەرمتر دەبێت، بەگوێرەی دوایین هەواڵی رۆژنامەکانی مەدرید، پاریس سانجێرمانی فڕەنسی ئۆفەرێکی بۆ کڕینی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئامادەکردووە.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە رووپەڕی ژمارەی ئەمڕۆ پێنجشەممەیدا رۆناڵدۆی خستووەتە نێوان پاریس سانجێرمان و ریال مەدرید و نووسیویەتی 'کریستیانۆ دوای جامی کیشوەرەکان لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز کۆدەبێتەوە و ئۆفەرێکی پاریس سانجێرمان دەخاتە سەر مێزی گفتوگۆکردنیان'.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، رۆناڵدۆ لە رۆیشتنی لە ریال مەدرید جددییە، بەڵام دەزانێت پێرێز بە ئاسانی گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵناکات، بۆیە ئۆفەرێکی پاریس سانجێرمان دەخاتە بەردەمی سەرۆکی ریال مەدرید، کە یانە فڕەنسییەکە ئامادەیە هەموو شتێک لە پێناوی گواستنەوەی دۆن بکات.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی

کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی پێرێز و رۆناڵدۆ دوای جامی کیشوەرەکان چارەنووسی کریستیانۆ لە مەدرید یەکلا دەکاتەوە، بەگوێرەی سەرچاوەکانی مارکای مەدریدی، پێرێز ئەگەر بزانێت رۆناڵدۆ لەسەر رۆیشتنی سوورە، ئەوا بەرامبەر فرۆشتنی داوای 200 ملیۆن یۆرۆ دەکات.
رادیۆی کادێنا کۆپی ئیسپانیش رایگەیاندووە، پەیامنێرێکمان پرسیاری لەبارەی کەیسەکەی کریستیانۆ لە زیدان کردووە، بەڵام زیزۆ پێی گوتووە ناتوانم هیچ شتێکتان لەمبارەیەوە پێبڵێم.
کریستیانۆ رۆناڵدۆی 32 ساڵان سەرەڕای ئەوەی گەردەلوولی دەنگۆی رۆیشتنی لە ریال مەدرید و تۆمەتبارکردنی بە خۆدزینەوەی لە باجدان بەدواوەیەتی، بەڵام لە جمای کیشوەرەکانی رووسیا لە دوو یاریی گۆڵێکی کردووە و گۆڵێکی دروستکردووە و سەرکردایەتی پۆرتوگاڵ دەکات.