بارسێلۆنا لەگەڵ عوسمان دێمبیلی گەیشتە رێککەوتن

بەڵام بۆروسیا دۆرتمۆند رەتیدەکاتەوە بیفرۆشێت

K24- هەولێر

عوسمان دێمبیلی گرەوێکی دیکەی ئەم هاوینەی بارسێلۆنای ئیسپانییە و جۆسێپ بارتۆمیۆ دەیەوێت بیگوازێتەوە ریزەکانی و ببێتە بەشێک لە تیپەکەی ئێرنێستۆ ڤالڤێردی.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، بارسێلۆنا لەگەڵ عوسمان دێمبیلی 20 ساڵان رێککەوتووە و هێرشبەرەکەی بۆروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی رازی بووە بۆ ماوەی پێنج وەرز رووبکاتە کامپ نوو.
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاشکرایکردووە، بارسێلۆنا ئامادەیە 50 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ 20 ملیۆن یۆرۆی دیکە وەکو پاداشت لە بەرامبەر بەدەستهێنانی تواناکانی هێرشبەرە لاوەکەی بۆندزلیگا بدات، بەڵام بۆروسیا دۆرتمۆند ئامادە نییە بە کەمتر لە 70 ملیۆن یۆرۆ گڵۆپی سەوز بۆ عوسمان هەڵبکات.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی رێککەوتنی دێمبیلی و بارسێلۆنا، مێشێل زۆرکی بەڕێوەبەری وەرزشی بۆروسیا دۆرتمۆند هاتە وەڵام و هەواڵەکەی رەتکردەوە و مانەوەی دێمبیلی بۆ وەرزی داهاتوو لە دۆرتمۆند دووپاتکردەوە.
دێمبیلی وەرزی رابردوو لەگەڵ دۆرتمۆند لە 49 یاری 10 گۆڵی کرد و 21 گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکرد، واتە 339 خولەک گۆڵێکی بۆ زەردەواڵەکانی ئەڵمانیا کردووە.
دێمبیلی لە بۆرسەی یاریزانان نرخی 35 ملیۆن یۆرۆیە و چاوەڕێ دەکرێت تاکو داخرانی دەرگای گواستنەوەی یاریزانانی ئەم هاوینە، گواستنەوەی دێمبیلی ببێتە زنجیرە درامایەکی دیکەی بارسێلۆنا، کە جگە لە بلاوگارانا مانچێستەر یونایتدیش بۆ کڕینی لەسەر هێڵە.