میدیاكانی سعوودیه: دوو كرده‌وه‌ی تیرۆریستی له مه‌ككه پووچه‌ڵ كرانه‌وه
وه‌زاره‌تی ناوخۆی سعوودیه: هه‌وڵیانداوه مه‌ككه بكه‌نه ئامانج
K24 - هه‌ولێر:
میدیاكانى سعوودیه بڵاوییانكرده‌وه، هێزه ئه‌منییه‌كانی ئه‌و وڵاته، دوو هه‌وڵی كرده‌وه‌ی تیرۆریستییان له گه‌ڕه‌كێكی نزیك حه‌ره‌می مه‌ككه‌ی رووگه‌ی موسڵمانان پووچه‌ڵكرده‌وه و یه‌كێكیش له شاری جه‌دده.
مه‌نسوور توركی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی سعوودیه رایگه‌یاند، تیرۆریستیان له سێ شوێنه‌وه پلانی ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستییان هه‌بوو، یه‌كێك له جه‌دده و دووانیش له نزیك حه‌ڕه‌می مه‌ككه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، هێزه ئه‌منییه‌كان له گه‌ڕه‌كی ئه‌جیادی مه‌ككه، كه‌سێكی خۆكوژییان گه‌مارۆداوه كه ته‌قه‌ی له هێزه ئه‌منییه‌كان كردووه، دوای گه‌مارۆدانيشى خۆی ته‌قاندووه‌ته‌وه, هێرشه‌كه‌ی دیكه‌ش له ناوچه‌ی عه‌سیله پووچه‌ڵكراوه‌ته‌وه.
وێبسایتی ئه‌لعه‌ره‌بییه بڵاویكردووه‌ته‌وه، به‌هۆی پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و هێرشه تیرۆریستییانه، 6 كه‌س به سووكی برینداربوونه له‌گه‌ڵ 5 كارمه‌ندی هێزه ئه‌منییه‌كان.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌و وڵاته رایگه‌یاند، تا ئێستا به‌هۆی تێوه‌گلان له‌و پلانه تیرۆریستییانه 5 كه‌س ده‌ستگیركراون، كه یه‌كێكیان ژنه و له ئێستادا لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.