گواردیۆلا پشتگیری خۆی بۆ ریفراندۆم دووپات دەکاتەوە

بەیاننامەیەکی بۆ هاونیشتیمانیانی خوێندەوە

K24- هەولێر

پیپ گواردیۆلا پشتگیری خۆی بۆ ریفراندۆمی هەرێمی کەتەلۆنیا دووپاتدەکاتەوە و بەیاننامەیەکی بۆ هاندانی کەتەلۆنییەکان خوێندەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (11ی حوزەیرانی 2017) پیپ گواردیۆلا، بەڕێوەبەری هونەری مانچێستەر سیتی ئینگلیزی لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی بارسێلۆنا بەشداریی گردبوونەوەیەکی کرد، کە چەند گروپێک لە ژێر ناونیشانی (هەموومان لە پێناوی بەڵێ) رێکیان خستبوو، تیایدا راهێنەرەکەی پێشووی بارسێلۆنا بەیاننامەیەکی خوێندەوە و داوای لە هاونیشتیمانیانی کرد بە دەنگی بەڵێ بەشداریی ریفراندۆمی ئۆکتۆبەر بکەن، کە وابڕیارە رۆژی 1ی ئۆکتۆبەری 2017 هەرێمی کەتەلۆنیا بۆ جیابوونەوەی لە ئیسپانیا ریفراندۆم ئەنجام بدات.

ئەمە یەکەمجار نییە گواردیۆلا پاڵپشتی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا دەکات، بەڵکو لە چەندان بۆنەی دیکەدا ویستی خۆی بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا دووپاتکردووەتەوە، تەنانەت ئەوکاتەی راهێنەری بارسێلۆنا بوو، ئامادە نەبوو جگە لە زمانی کەتەلۆنی بە زمانی ئیسپانی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان بداتەوە.

گواردیۆلا لە کاتی ئامادەبوونی لە گردبوونەوکە
گواردیۆلا لە کاتی ئامادەبوونی لە گردبوونەوکە