بارسێلۆنا دوای شکستهێنانی لە گواستنەوەی ڤێراتی پلانی چییە؟

K24- هەولێر

دوای ئەوەی مارکۆ ڤێراتی داوای لێبوردنی لە پاریس سانجێرمان و هاندەرانی کرد و مانەوەی خۆی لە یانە فڕەنسییەکە دووپاتکردەوە، بەرپرسانی بارسێلۆنا روویان لە چین کردووە و بەنیازن پاولینهۆ بکەنە یەکەم گرێبەستی ئەم هاوینەیان.
رۆژنامەکانی کەتەلۆنیا لە ژمارەی رۆژی یەکشەممەیاندا رایان گەیاندووە، گەرچی جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ بە نامە بە ڤێراتی راگەیاندووە تاکو دوایین کاتژمێری گواستنەوەی یاریزانانی ئەم هاوینە چاوەڕێی دەکەن، بەڵام بارتۆمیۆ و بەرپرسانی دیکەی بلاوگرانا لەبری پاریس سانجێرمان روویان لە گوانگژۆی چینی کردووە و لە گواستنەوەی پاولینهۆی بڕازیلی نزیکبوونەتەوە.
رۆژنامەی سپۆرت لە دوایین ژمارەی رایگەیاندووە، بارسێلۆنا لەگەڵ پاولینهۆ گەیشتووەتە رێککەوتن، رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆش ئاشکرایکردووە، لەم هەفتەیە بارسێلۆنا بەفەرمی پاولینهۆ دەباتە ریزەکانی.
پاولینهۆی 28 ساڵان لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ئارەزووی خۆی بۆ پەیوەندیکردن بە ریزەکانی بارسێلۆنا دووپاتکردەوە و بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیاکانی ئیسپانیا ئەو ناوەڕاستکارە بڕازیلییە ئامادەیە مووچەی ساڵانەی بۆ نیو ئەوەندە کەم بکاتەوە، کە ئێستا لە یانە چینییەکەی 9.5 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.
گەرچی گوانگژۆی چینی ئۆفەرە 20 ملیۆن یۆرۆییەکەی بارسێلۆنای رەتکردەوە، بەڵام بارسا ئۆفەرەکەی بۆ ٢٥ ملیۆن یۆرۆ بەرزکردووەتەوە و بۆ ماوەی چوار ساڵ یاریزانەکەی پێشووی تۆتێنهام هۆتسپێرس دەباتە ریزەکانی.
دوای شکستی گرێبەستەکەی ڤێراتی، مێرالیم پیانیچ و ئێرێکسن و اندێر هێرێرا و یولیان فیگل بژرادەی دیکەی سەر مێزی گواستنەوەی ئەم هاوینەی بلاوگرانان، بەڵام یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکەی پاولینهۆ نزیکترینیانە.

رووپەری ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی
رووپەری ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی
رووپەری ئەمڕۆی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی
رووپەری ئەمڕۆی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی