واشنتن پۆست: تێچووی جەنگی ئێران 43.6 ملیار دۆلاری تێپەڕاند
واشنتن پۆست: پێنتاگۆن ژمارەی راستەقینەی کوژراوانی جەنگی ئێران دەشارێتەوە
رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریدا ئاشکرای کرد، بەپێی بەڵگەنامە ناوخۆییەکانی وەزارەتی جەنگ، ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی لە کاتی جەنگی ئێراندا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە زۆر زیاترە لەوەی پێنتاگۆن بە فەرمی بڵاوی دەکاتەوە، لە کاتێکدا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ تۆمەتبار دەکرێت بە شاردنەوەی زیانە گیانییەکان بەر لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول.
هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی زانیاریی شەش بەرپرسی باڵای ئەمریکا کە بۆ واشنتن پۆست قسەیان کردووە، لانیکەم 22 بۆ 23 سەربازی سوپای ئەمریکا شانبەشانی سێ بەڵێندەری مەدەنی لە دەستپێکی جەنگی ئێران لە 28ی شوباتەوە تا ئێستا گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا سیستمی فەرمیی پێنتاگۆن (DCAS) تەنیا ناوی 18 کوژراوی تۆمار کردووە.
راپۆرتەکەی واشنتن پۆست دەریخستووە کە لە سەرەتای جەنگەوە زیاتر لە 820 سەربازی ئەمریکی لە بەرەکانی جەنگدا بریندار بوون، کە زۆربەیان بەهۆی مووشەکبارانی ئێران لە بنکەکانی کەنداو تووشی زەبر و زیانی سەختی مێشک هاتوون.
هاوکات بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، تێچووی جەنگەکە تا سەرەتای مانگی ئەیلوول 43.6 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، کە 28 ملیاری تەنیا بۆ کڕین و بەکارهێنانی تەقەمەنی بووە، ئەمەش وایکردووە ژەنەراڵە باڵاکانی سوپا هۆشداری بدەنە پێت هێگسێت وەزیری جەنگ کە درێژەکێشانی ئۆپەراسیۆنەکان لە توانای سەربازیی ئەمریکادا نەماوە و مەترسیی لەسەر پاراستنی خاکی ئەمریکاش دروست دەکات.
هەروەها ئاژانسی بلومبێرگ لە شیکارییەکی ئابووریدا ئاشکرایکرد، ئەو ئۆپەراسیۆنە دەریاییەی ئەمریکا بۆ سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ئێران لە کانوونی دووەمی 2026 دەستیپێکردووە، تا ئێستا 7.1 ملیار دۆلاری لە خەزێنەی ئەمریکا تێچووە.
ئاشکرابوونی ئەم داتایانە هاوکاتە لەگەڵ راپرسییەکی نوێی رۆیتەرز و ئیپسۆس کە دەریخستووە 62%ی هاووڵاتییانی ئەمریکا دژی سیاسەتەکانی ترەمپن بەرامبەر بە ئێران، ئەمەش بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر پارتی کۆماری بەر لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە مانگی تشرینی دووەمدا.
لە کۆنگرێسیشدا ناڕەزایەتییەکان تەقیونەتەوە؛ 12 پەرلەمانتاری سەربازیی پێشوو پڕۆژەیاسایەکیان پێشکەش کردووە بۆ ڕێگریکردن لە پێنتاگۆن لە دەستکاریکردنی ئاماری سەربازە کوژراوەکان، هاوکات تۆماس ماسی، ئەندامی کۆنگرێس لە پارتی کۆماری هەوڵەکانی دەستپێکردووە بۆ لێسەندنەوەی متمانە و دادگاییکردنی پێتی هێگسێت بەهۆی بەڕێوەبردنی جەنگێک کە مۆڵەتی دەستووریی لە کۆنگرێس وەرنەگرتووە.