ترەمپ: جەنگ بەمنزیکانە کۆتایی دێت

سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، هێرشکردنە سەر ئێران لە رێگەی بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی "بی-2" رێگری لەوە کرد، تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هاوکات دڵنیایی دا کە واشنتن جەنگەکە بە ئاسانی دەباتەوە و بە زوویی کۆتایی پێدەهێنێت، دوای جەنگیش نرخی بەنزین بە شێوەیەکی بێپێشینە دادەبەزێت.

شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە هۆکاری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بە تاران کرد و رایگەیاند کە هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نەبوو، چونکە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیک ببووەوە.

ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا لە رێگەی فڕۆکە بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی جۆری "(B-2)" هێرشیان نەکردایەتە سەر دامەزراوەکانی ئێران، تاران تەنیا چەند رۆژێکی مابوو بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی، بەڵام ئێستا ئەمریکا بە تەواوی رێگری لەو هەڕەشەیە کردووە و ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

سەرۆکی ئەمریکا دانیناو بەوەی کە جەنگەکە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکا، بەڵام جەختی کردەوە ئەگەر لە نێوان دابەزینی نرخی بەنزین و دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ئێراندا راپرسی بکرێت، زۆرینەی رەهای خەڵک رێگری لە ئەتۆمیبوونی تاران هەڵدەبژێرن.

ترەمپ مژدەی بە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دا کە سوپای ئەمریکا جەنگەکە زۆر بە ئاسانی دەباتەوە و لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا کۆتایی پێدەهێنێت، لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕەکەشدا، نرخی بەنزین و سووتەمەنی بە شێوەیەکی خێرا دادەبەزێتەوە بۆ ئاستی پێش جەنگ و تەنانەت لەوەش کەمتر.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە نیگەرانیی سەرکردەکانی پۆڵەندا لە هێرشی رووسیا بۆ سەر هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا، ترەمپ رایگەیاند، مۆسکۆ ماوەی پێنج ساڵە هێرش دەکاتە سەر هاوپەیمانەکان، بەڵام ستایشی سەرۆکی پۆڵەندای کرد و وەک هاوڕێیەکی نزیکی خۆی ناوی برد و رایگەیاند، سەرۆکی پۆڵەندا سەرکردەیەکی بەهێزە و کۆنترۆڵی دۆخەکەی کردووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە پەیوەندییە هەواڵگرییەکان کرد و لە وەڵامی ئەوانەی دەڵێن وڵاتانی نەیار سیخوڕی بەسەر ئەمریکاوە دەکەن، بە پێکەنینەوە گوتی: "رەنگە وابێت، بەڵام ئێمەش بە هەمان شێوە سیخوڕییان بەسەرەوە دەکەین."