"نرخی نەوت 60 دۆلار تێدەپەرێنێت"
K24 - ھەولێر
گەورە راوێژکارێكی ئابووری رایدەگەیەنێت ، پێش كۆتایی ئەمساڵ بەھۆی بەرزبوونەوەی خێرای خواست لەسەر نەوتی خاو و کەمبوونەوەی ھەناردەی نەوت لەلایەن وڵاتانی ئۆپێك، نرخی یەك بەرمیل نەوت بۆ 60 دۆلار بەرزدەبێتەوە.
ئێریک لی، گەورە راوێژکارێكی ئابووری رایگەیاند، بۆ پڕکردنەوەی خواستی بازاڕ پێویستە رۆژانە 97 ملیۆن و 300 ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم بھێنرێت، بەڵام ھێشتا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت نەگەیشتووە ئەم رێژەیە.
ئێرك لی، ئاماژەی بەوەشكردووە ، ھۆکاری بەرزبوونەوەی خواست لەسەر نەوت ھاتنەناوەوەی چین و ھیندستانە بۆ ناو بازاڕی نەوت، لە بەرمبەردا وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت رۆژانە حەوت سهد ھەزار بەرمیل نەوتیان لە ھەناردەی خۆیان کەمکردووەتەوە، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی لە سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵدا نرخی نەوت 60 دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک تێپەرێنێت.
ئێریک لی، یەكێكە لە گەورە راوێژکارەكانی ئابووری، بەوە دەناسرێتەوە کە زۆربەی پێشبینیەکانی لە ساڵانی رابردوودا راست دەرچوون، ئەو کاتەی نرخی نەوت لە سەروو 100 دۆلارەوە بوو، ئەو یەکەم کەس بوو پێشبینی ئەوەی کرد نرخی نەوت بەرێژەیەکی زۆر دابەزێت.