قایمقامی هەولێر: کاڵای پێشتر کڕدراو گران ناکرێت
قایمقامی هەولێر هۆشداری دەداتە بازرگانان و رایدەگەیەنێت، لیژنەکانیان بە وردی چاودێریی بازاڕ دەکەن و رێگە نادەن هیچ کەسێک دۆخی گرانبوونی دۆلار بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کاڵاکان بقۆزێتەوە، جەختیش دەکاتەوە هەر کاڵایەک پێشتر کڕدرابێت نابێت گران بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 07ـی تشرینی یەکەمی 2026، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، رایگەیاند، هەموو لیژنەکانیان بۆ چاودێریکردنی بازاڕ راسپاردووە و بە توندی رێگری دەکەن لە بەرزکردنەوەی نرخی ئەو کاڵایانەی پێشتر کڕدراون.
قایمقامی هەولێر روونیکردەوە، "هەر بازرگانێک تاوەکو دوێنێ کاڵا و پێداویستی کڕیبێت، بۆی نییە نرخەکەی بەسەر هاووڵاتییاندا زیاد بکات، بەڵام ئەو کاڵایانەی ئەمڕۆ چوارشەممە کڕدراون، بە نرخی نوێ مامەڵەیان پێوە دەکرێت." ئاماژەی بەوەش دا، لە ئەمڕۆوە لیژنەکانیان سەردانی بازاڕ و فرۆشگاکان دەکەن و بە وردی پشکنین بۆ بەڵگەی کڕینی کاڵاکان دەکەن.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی بڕیارەکەی بانکی ناوەندی، نەبەز عەبدولحەمید، گوتی، "ئەو بڕیارە زیان بە ژیانی هەموو هاووڵاتییان دەگەیەنێت و هۆکارێکە بۆ گرانبوونی کاڵاکان، بەڵام ئێمە لە قایمقامییەت هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ، تاوەکو هیچ لایەنێک ئەم دۆخە لەسەر شانی هاووڵاتییان نەقۆزێتەوە."
لەگەڵ هەر بەرزبوونەوەیەکی خێرای بەهای دۆلار، بەشێک لە بازرگانان و فرۆشیاران هەوڵ دەدەن نرخی کاڵا و پێداویستییەکان لە بازاڕەکاندا بەرز بکەنەوە، تەنانەت ئەو کاڵایانەش پێشتر بە نرخی هەرزانتر کڕدراون. بۆ رێگریکردن لەم جۆرە قۆرخکارییە، قایمقامییەتی هەولێر و لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ، هەڵمەتەکانیان چڕتر دەکەنەوە و پشکنین بۆ لیستی کڕینی فرۆشگاکان دەکەن بۆ ئەوەی سزای ئەو کەسانە بدەن باری سەرشانی هاووڵاتییان قورس دەکەن.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاری دا نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بگۆڕێت و نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێک بۆ هاووڵاتییان بە 1520 دینار دیاریبکات و لە ئەمڕۆوە کاری پێدەکرێت.