پارێزگاری سلێمانی بۆ کوردستان24: چاودێری نرخەکانی بازاڕ دەکەین

پارێزگاری سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە چاودێرییەکان بەسەر بازاڕدا چڕکراونەتەوە و بە توندی رووبەڕووی هەر هەوڵێکی نایاسایی دەبنەوە بۆ گرانکردنی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، لێژنە تایبەتمەندەکانی قایمقامیەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەشێوەیەکی بەردەوام و مەیدانی چاودێریی جموجۆڵ و نرخەکانی بازاڕ دەکەن.

پارێزگاری سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، کارەکانیان بە ئامانجی پاراستنی مافی بەکاربەرە و بە هیچ شێوەیەک رێگە بە بەرزکردنەوەی نایاسایی و ناپاساوی نرخی کاڵاکان نادەن.

پارێزگاری سلێمانی هۆشداری دا و ئاشکرای کرد، تیم و لێژنەکانیان بە وردی چاودێریی دۆخی بازاڕ دەکەن و لە ئەگەری سەرپێچیدا، رێگە نادەن هیچ کەس و لایەنێک دۆخەکە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی بقۆزێتەوە و رێکاری یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق بەهای فرۆشتنی یەک دۆلاری بۆ هاووڵاتیان بە 1520 دینار دیاری کرد.