بژاردەکانی بەردەم بارسێلۆنا بۆ پڕکردنەوەی لای راستی هێڵی بەرگری
K24- هەولێر
بارسێلۆنا هێشتا نەیتوانیوە کیشەی لای راستی هێڵی بەرگری تیپەکەی چارەسەر بکات و لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بەدوای بژاردەیەکی باش دەگەڕێت.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی لە ژمارەی ئەمڕۆ پێنجشەممەیدا ئاشکرایکردوو، هێکتۆر بێیێرین، نیلۆسن سیمیدۆ و پالێنسیا بژاردەکانی بارسێلۆنان بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە. بەڵام بەهۆی داواکردنی پارەیەکی زۆر لەلایەن ئارسێناڵەوە، بارسا تا ڕاددەیەک لە گواستنەوەی بێیێرینی یاریزانی پێشووی یانەکەی بێ هیوابووە.
گەرچی بەرپرسانی بارسێلۆنا دەزانن بێییرین باشترین بژاردەیە بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە کە دانی ئالڤێسی لە دوای خۆی بەجێهێشت، بەڵام ئارسێناڵ ئامادە نییە بە کەمتر لە 70 ملیۆن یۆرۆ دەستبەردانی بەرگریکارە راستەکەی بێت.
نیلسۆن سیمیدۆ بژاردەی دووەمی بارسێلۆنایە و بارسا دەیەوێت ئەو بەرگریکارە پۆرتوگاڵییەی بێنفیکا بەرامبەر 30 ملیۆن یۆرۆ بگوازێتەوە ریزەکانی و ئەگەر پرۆسەی گێڕانەوەی بێیێرین شکستیهێنا، سیمیدۆ دەبێتە بەرگریکاری راستی بارسا.
پالێنسیای یاریزانی لاوی تیپی دووەمی بارسێلۆنا بژاردەیەکی دیکەیە و بەگوێرەی ئێلمۆندۆ لەوانەیە بارسێلۆنا دەستی بۆ ببات.
رۆژنامەی سپۆرتیش لە ژمارەی ئەمڕۆیدا ئاشکرایکردووە، دوای شکستی گرێبەستی بێیێرین سیمیدۆ و سیدیبێ دەبنە ئامانجی داهاتووی بارسێلۆنا.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەی سپۆرت، ئەگەر بارسێلۆنا لە گواستنەوەی سیمیدۆ شکست بهێنێت، روو لە مۆناکۆی فڕەنسی دەکات و جبریل سیدیبێی بەرگریکارە فڕەنسییەکەی ئەو یانەیە دەباتە ریزەکانی.

