عێراق ده‌بێته دۆستی وڵاتی دووه‌می وه‌زیر و ده‌سته راسته‌كانی سه‌دام حسێن
ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌سایه‌تی سیاسی و سه‌ربازی و ئه‌كادیمی نه‌یاری حكومه‌تی عێراق له ده‌وحه ده‌ژین
به‌هۆی نزیكبوونه‌وه‌ی عێراق و قه‌ته‌ر، له پاش درووستبوونی كێشه‌ی وڵاتانی كه‌نداو له‌گه‌ڵ ده‌وحه، پرسیاری زۆر له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق له‌و وڵاته هاتووه‌ته ئاراوه، كه ئایا قه‌ته‌ر وه‌ك جاران له رێگه‌ی میوانداریكردنی كه‌سایه‌تییه دیارهكانیانهوه، پاڵپشتی له‌و ئۆپۆزیسیۆنه ده‌كات كه نه‌یاری سیستمی سیاسی ئیستای عێراقن؟.
دیارترین ئه‌و نه‌یارانه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی و عێراقی پاش سه‌دام كه ئێستا له قه‌ته‌رن، ناجی سه‌بری دوایین وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رژێمی به‌عس و ئه‌رشه‌د یاسینی یاوه‌ری ده‌سته راستی سه‌دام حسێنن، هه‌روه‌ها كه‌سایه‌تی دیكه له قه‌ته‌ر هه‌ن، له‌وانه تارق هاشمی جێگری پێشووی سه‌رۆككۆماری عێراق، كه به تیرۆر حوكمدراوهو بهشێكیسیان ئه‌كادیمی و پله‌داری پێشووی سه‌ربازین.
پێگه‌ی ( Al Monitor ) له سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیكی كه‌سایه‌تییه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقییه‌وه له ده‌وحه، ئاشكرایكردووه "ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی وه‌ك ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی ناسراون و ئێستا له قه‌ته‌رن، هیچ چالاكییه‌كی ئه‌وتۆیان نه‌ماوه كه ده‌ریبخات نه‌یاری سیستمی ئێستای فه‌رمانڕه‌وایی عێراقین و هیچ ناونیشانێكیشیان نه‌ماوه وه‌ك ئۆپۆزیسیۆن بیانناسێنێت، له كاتێكدا كه‌سایه‌تی دیاری وه‌ك ناجی سه‌بری و تارق هاشمی و عه‌بدولحه‌كیم سه‌عدی له‌و وڵاته داده‌نیشن.
لقا‌ء مه‌كی، میدیاكاری عێراقی كه له ده‌وحه داده‌نیشێت ده‌ڵێت "ریككه‌وتن بۆ راده‌ستكردنی "تاوانباره‌كان" له نێوان عێراق و قه‌ته‌ردا نییه، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ ئیران هه‌یه‌تی، وه‌ك ئه‌وه نییه كه له‌گه‌ڵ عێراقدا هه‌یانه و په‌یوه‌ندییان به یه‌كه‌وه نییه".
ئه‌و رۆژنامه‌نووسه عێراقییه له‌باره‌ی پاڵپشتی قه‌ته‌ر له ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی گوتوویه‌تی "قه‌ته‌ر به فه‌رمی ته‌ئكیدی له دۆستایه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ عێراق كردووه‌ته‌وه‌و جۆری پاڵپشتیش بۆ ئۆپۆزیسیۆن جیاوازه له ده‌وحه، پێشتریش راینه‌گه‌یاندووه كه لایه‌نگیریی یان پاڵپشتییه‌كی راسته‌وخۆی هیچ كه‌سایه‌تی و گرووپێكی نه‌یاری حكومه‌تی عێراق بكات، به‌ڵام ده‌رباره‌ی پاڵپشتی نهێنی، ئه‌وه ده‌مێنێته‌وه سه‌ر بژاره‌كانی قه‌ته‌ر له ناوچه‌كه‌دا كه زۆر دوور نییه له رووداوهكانییهوه".
لای خۆیه‌وه لیوا ئه‌كره‌م مه‌شهه‌دانی كه لیوایه‌كی خانه‌نشینكراوی پۆلیسی عێراقه و له ده‌وحه ده‌ژی گوتوویه‌تی "قه‌ته‌ر تێڕوانین و بڕیاره‌كانی ده‌رباره‌ی ئه‌وانه ناگۆڕێت كه له خاكهكهیدان، یان بچێت به‌هۆی داواكاریی به‌غداوه راده‌ستیان بكاته‌وه، چونكه ده‌ستووری قه‌ته‌ری ده‌قێكی تێدایه، ره‌تیده‌كاته‌وه هیچ په‌نابه‌رێك بدرێته‌وه به‌و وڵاته‌ی لێیه‌وه هاتووه".