ئيمارات "ماڵئاوایی" له قه‌ته‌ڕ ده‌كات
دوو بژارده ده‌خاته به‌رده‌م ده‌وحه
K24 - هه‌ولێر:
شێخ عه‌بدوڵڵا بن زاید ئال نهيان، وه‌زیری ده‌ره‌وه و هاریكاری نێوده‌وڵه‌تی ئيمارات، ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه رایگه‌یاند، پێویسته قه‌ته‌ڕ ببێته ئه‌ندامێكی هاوپه‌یمانی له دژی تیرۆر، یان ده‌بێت "ماڵئاوایی" بكات.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیمارات، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ هاوتا سلۆڤاكییه‌كه‌ی، میرۆسلاڤ لایچاك، داوای له قه‌ته‌ڕ كرد هه‌وڵی زیاتر و گه‌وره‌تر بدات بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی خۆی به‌ده‌ست بهێنێته‌وه و گوتی: "ده‌وحه دوو رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌ندام له ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری كه‌نداو كردووه، به‌ڵام پابه‌ند نییه پێیانه‌وه".
هاوكات ئه‌و وه‌زیره‌ی ئیمارات، پێشوازی له رێككه‌وتنی نوێی نێوان قه‌ته‌ڕ و ئه‌مه‌ریكا كرد، بۆ نه‌هێشتنی پاڵپشتی دارایی له تیرۆر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دووپاتیده‌كاته‌وه، پێویسته له‌سه‌ر ده‌وحه هه‌وڵی زیاتر بدات بۆ ئه‌وه‌ی تێڕوانینی زۆرێك له وڵاتان بگۆڕێت به‌رامبه‌ر به پێگه‌ی خۆی.
بن زايد گوتی: "وڵاتانی ناوچه‌كه، بڕیاریانداوه به‌هیچ شێوه‌یه‌كی له گرووپه توندڕه‌و و تیرۆریستییه‌كان خۆش نه‌بن و ناوچه‌كه به ته‌واوه‌تی به‌ده‌ست توندڕه‌وییه‌وه ناڵاندوویه‌تی، بۆیه ئێمه گه‌شبینین كاتێك وڵاتانی وه‌كو میسر و سعوودیه هه‌مان بڕیار ده‌ده‌ن".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌گه‌ر قه‌ته‌ڕ ده‌یه‌وێت ببێته ئه‌ندام له هاوپه‌یمانێتییه‌كه، به‌خێربێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت ببێته لایه‌نێكی دیكه‌ی جیاواز، ئه‌وا ماڵئاوایی لێده‌كه‌ین".