ميليشياكانى حه‌شد ره‌وشى ئه‌منى به‌سره ده‌شێوێنن
به هۆى شه‌ڕى مووسڵه‌وه حكومه‌تى عێراق سه‌رجه‌م كه‌رته‌كانى سوپاى له به‌سره‌وه گواستووه‌ته‌وه بۆ مووسڵ.
K24 – هه‌ولێر:
ماوه‌ى سێ مانگه ره‌وشى ئه‌منى شارى به‌سره‌ى باشوورى عێراق رووى له ئاڵۆزى زۆرتر كردووه. سه‌رچاوه‌يه‌كيش له پۆليسى شاره‌كه ده‌ڵێت: ميليشياكانى حه‌شد ئاسايشى شاره‌كه‌يان خستووه‌ته مهترسييهوه.
به هۆى شه‌ڕى مووسڵه‌وه حكومه‌تى عێراق سه‌رجه‌م كه‌رته‌كانى سوپاى له به‌سره‌وه گواستووه‌ته‌وه بۆ مووسڵ.
ئاسايش و سه‌قامگيرى شاره‌كه راده‌ستى پۆليس كراوه، به‌ڵام ئه‌ركى ئێستاى پۆليس بووه‌ته دۆزينه‌وه و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى ته‌رمى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه رۆژانه له لايه‌ن ميليشياكانه‌وه ده‌كوژرێن.
سايتى ئه‌لعه‌ره‌بى جه‌ديد، راپۆرتێكى له‌و باره‌يه‌وه بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێيدا زانيارى وردى له باره‌ى ئاماره‌ى حاڵه‌ته‌كانى كوشتن بڵاوكردووه‌ته‌وه.
ته‌نيا له چه‌ند رۆژى رابردوودا سێ هاووڵاتى كه يه‌كێكيان مامۆستاى زانكۆ بووه، له به‌سره كوژراوون.
پۆليس رايگه‌ياندووه، ئه‌وان ده‌سته‌وه‌ستانن له به‌رگرتن به‌و تاوانانه.
سه‌رچاوه‌يه‌كى به‌رپرس له پۆليسى شاره‌كه رايگه‌ياندووه، هه‌موو جارێك به‌رپرسانى ميليشيا چه‌كدارييه‌كان ده‌ڵێن ئێمه نين و ئه‌گه‌ر ئێمه بووين ته‌قه‌مان لێبكه‌ن و بمانكوژن، ئه‌مه له كاتێكدايه ده‌زانن پۆليس ناتوانێت رووبه‌ڕووى ئه‌وان ببێته‌وه.
به‌سره ده‌ڕوانێت به‌سه‌ر كه‌نداودا و به هۆى داخرانى ده‌روازه‌كانى سووريا و سعووديه و ئه‌رده‌نه‌وه له ئێستادا ئه‌و شاره بووه‌ته ده‌روازه‌ى سه‌ره‌كى بۆ هاورده‌كردنى پێداويستييه‌كانى خه‌ڵك.
به گوێره‌ى زانيارى پۆليس، باند و ميليشيا شيعييه‌كان داهاتى مانگانه‌يان ده‌گاته مليۆنێك دۆلار و زۆربه‌ى ئه‌و پاره‌يه وه‌ك باج و سه‌رانه له بازرگانان وه‌رده‌گرن و به‌شێكيشى له رێگه‌ى فرۆشتنى نه‌وته‌وه ده‌ستيان ده‌كه‌وێت.